ناس کورد-
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانن و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکات کە نەیانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامی چاکە و دڵسۆزییان بدەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانى (5-10-2022) لە پەیامێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "پەیامی رێزلێنان ئاراستەی هەموو مامۆستایانی کوردستان دەکەین کە لە سەختترین کاتەکاندا و لە سەردەمی قورستترین قەیرانەکاندا بەرگەیان گرت و نەیانهێشت کەرتی پەروەردە بوەستێت".
دەقى پەیامەکە:
لە رۆژی جیهانی مامۆستادا بە شانازییەکی زۆرەوە شەرفەمندبووم پێشوازیم کرد لە چوار مامۆستای دڵسۆز و خەمخۆر، مامۆستایان؛ جەمیلە سابیر قادر، عەبدولخالق محەمەد عەلی، عەلی عەبدوڵا ساڵح و ئیسماعیل خۆشناو و وەک نمونەی هەموو مامۆستا دڵسۆزەکانی کوردستان خەڵاتی رێزلێنان و چەپکە گوڵی خۆشەویستیمان پێشکەش کردن.
ئەو چوار مامۆستا ئازیزە و مامۆستایانی تر نمونەی مامۆستای دڵسۆزن کە چەند دەیەی تەمەنیان خەمخۆرانە نەوە دوای نەوەیان پەروەردە کردوە، هەربۆیە ویستمان لەڕێگەی ئەوانەوە پەیامی رێزلێنان ئاراستەی هەموو مامۆستایانی کوردستان بکەین کە لە سەختترین کاتەکاندا و لە سەردەمی قورستترین قەیرانەکاندا بەرگەیان گرت و نەیانهێشت کەرتی پەروەردە بوەستێت.
ئێمە تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەین کە نەمانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامی چاکە و دڵسۆزی و بەخشەندەییان بدەینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە هەموو توانامانەوە کار دەکەین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان.
پێشموایە وەک حکومەت رەنگە باشترین وەڵام بۆ چاکە و بەخشەندەیی مامۆستایان ئەوەبێت، زەمینە و دەرفەت بڕەخسێنین بۆ ئەو نەوانەی ئەوان پەروەردەیان کردوە تا بە باشترین شێوە خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.