گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

ناوەرۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم

2022.10.05 - 17:56
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەرۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم

ناس کورد-

 

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رەشنووسی بڕیارێکى تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی ( 9) لە یاسای چاکسازی پەسەند کرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى ئەنجومەنى وەزیران کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەى ئەنجومەندا هەروەها  رەشنووسی پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن وهەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان ) پەسەندکراوە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:



ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی ئۆکتۆبەر( تشرینی یەکەم)ی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن وهەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان ) کە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو.

 

پاشان لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، راسپێردرا بە ئاراستەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی تەشریعکردنی. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، رێکخستنی پرۆسەکانی دەستاودەستکردنی رووەک و بەرهەمەکانی و هاوردەکردن و هەناردەکردنیانە لە پێناوی رێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی دەرد و پەتای کشتوکاڵیی و بڵاوبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان، بە پیادەکردنی هەمان ئەو پرۆسە و رێکار و پێوەرانەی لە سەرتاسەری عێراق کاری پێ دەکرێت و یاساکە، لە لایەن لیژنەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوجێبەجێ دەکرێت کە نوێنەری وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ناوخۆ، بازرگانیی و پیشەسازیی، دارایی وئابووری، تەندروستی) و دەستەی پاراستن وچاكکردنی ژینگە لە خۆدەگرێت.

 

ئەم پڕۆژە یاسایە، بەرکارکردنی یاسایەکی فیدڕاڵییە لە هەرێم، دوای هەموارکردنی و رەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم. بە ئاراستەی یەکخستنی رێکارەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵیی لە هەرێم و عێراق و لە هەمانکاتدا کارئاسانییشە بۆ بازرگانانی هەرێم و هەروەها جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە زامنیی دروستیی وکوالیتی ئەو کەرەستە و پێداویستیە سەرەتاییانە دەکات کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی هەرێم و لەکاتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵیی هەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروست نەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە لایەن دامەزراوەکانی هەرێمەوە، هەمان رێکاری کەرەنتینی کشتوکاڵی پەیڕەودەکرێت.

 

پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە و لە چواچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، رەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی ( 9 ) لە یاسای چاکسازی لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ وڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران رەشنووسی بڕیارەکەی پەسەند کرد.

 

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پێداگیریی خۆی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لە پێناوی رێکخستنەوەی وەزیفی گشتیی و خانەنشینیی و هێنانەدی دادپەروەریی لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتیی و رێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بەمەرجێک مافی خەڵکانی شایستە پارێزراوبێت و نەبێتە هۆی بێبەشکردنیان لە شایستە و مووچەی رەوای خۆیان.

لەکۆى زیاتر لە 500 دامەزراوەى ناحکومى تەنها هەشت قوتابخانە سەرپێچیان کردووە