گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

وەک گۆڕان سازش لەسەر بەركەوتەی پۆستەكانمان بۆ یەكێتی ناكەین

 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو جێگری دەبێت

2019.03.16 - 11:33
 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو جێگری دەبێت

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، سەرۆكی حكومەت دوو جێگری دەبێت كە یەكێكیان لەژێر ناوی (یاریدەدەر) بزوتنەوەی گۆڕان وەریدەگرێت، کە هەمان دەسەڵاتی جێگری سەرۆكوەزیرانی دەبێت، ئەندامێكی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕانیش داوا لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات "چیتر یاری بە كاتەوە نەكات" و پەلە بكرێت لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.

 

هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەدرێتە بزوتنەوەی گۆڕان كە پۆستێكی نوێیە و لەرابردوودا نەبووە و هیچ جیاوازییەكی نابێت لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت".

 

وتیشی: "ئەم پۆستە چاودێر دەبێت بەسەر وەزارەتەكان و هەیكەلێكی تازەمان بۆ داڕشتووە و بەپڕۆژەیەكەوە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و لەوێ‌ دەخرێتە دەنگدانەوە".

 

بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ هەڵبژاردنی ئەو كاندیدانەی كە دەچنە پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، وەك بەركەوتەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەتایبەتی پۆستە باڵاكان، ئەمڕۆ (شەممە) جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە دامەزراوەیەكی راوێژكاری بزوتنەوەی گۆڕانە، كۆدەبێتەوە، پێشنیار و پڕۆژەی خۆیان ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی سبەینێ‌ (یەكشەممە)، گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەكانی جڤاتی گشتی بکرێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە لەباریانەوە بدرێت.

 

 هێمن شێخانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە "گۆڕان سازش لەسەر هیچ بەركەوتەیەكی خۆی ناكات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی یەكلایی كراوەتەوە و بڕیاری لەسەر دراوە."

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لیستی براوەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنەری كابینەی نۆ، لە 18ی شوباتی 2019، رێكەوتنێكی چوار ساڵی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەنوێنەرایەتی ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن واژوكرد.

 

"ئێمە و پارتی ئەو رێككەوتنەی كە واژومان كردووە دەپارێزین و هیچ خاڵێك لەرێككەوتنە واژووكراوەكەی نێوان ئێمە و پارتی ئیتر گۆڕانكاریی تێدا ناكرێت و بەهیواین یەكێتی چیتر لەوە زیاتر یاری بە كات نەكات چونكە نەهاتنەپێَشەوەی یەكێتی پەیوەندی بە پۆستەوە نییە و زیاتر پەیوەندی بە ململانێ‌ ناوخۆییەكانی خۆیانەوە هەیە" هێمن شێخانی وای وت.