ناس کورد-
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پرسیاری لە وەزیری دارایی کردووە کە بۆچی دەرماڵەی بڕوانامە و هاوسەر و منداڵ بۆ هێزەکانی 70 و 80 خەرج ناکرێت، لە وەڵامدا وەزیری دارایی وتویەتی، "پارەمان نییە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە میانەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان (سێشەممە 4-10-2022) ڕایگەیاند، "پرسیارم ئاڕاستەی وەزیری پێشمەرگە کردووە کە بە چ یاسایەک هێزەکانی 70 و 80 دەرماڵەی بڕوانامە، هاوسەر، منداڵ و چەند دەرماڵەیەکی دیکەیان بۆ خەرج ناکرێت، وەڵامی داومەتەوە و دەڵێت، هیچ ڕێنمایی و مادەیەکی یاسایی نییە کە ئەو دەرماڵەیە خەرج نەکرێت."
بەوتەی هێڤیدار ئەحمەد، دواتر ئەو پرسیارەی ئاڕاستەی وەزیری دارایی کردووە کە بۆچی ئەو دەرماڵانە بۆ هێزەکانی 70 و 80 خەرج ناکرێت، وەزیری دارایی وتویەتی، "لەبەر ئەوەی پارەمان نییە."
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "بۆچی پارە بۆ هەموو مووچەخۆران هەیە کە دەرماڵە وەربگرن، تەنها ئەو دوو هێزە لەو دەرماڵانە بێ بەش کراون، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەم بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو پرسە، چونکە نایاساییە و دەبێت دەرماڵە بۆ ئەو دوو هێزەش خەرج بکرێت."