گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

خوێندنى باڵا بڕیارێکى نوێی لەبارەى وانەى ’’عبور’’ دەرکرد

2022.10.02 - 18:35
App store icon Play store icon Play store icon
خوێندنى باڵا بڕیارێکى نوێی لەبارەى وانەى ’’عبور’’ دەرکرد

ناس کورد-

 

وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم بڕیاریدا بە زیادکردنی وانەی (عبور) بۆ دوو وانە لە سیستمی ساڵانە و چوار وانە لە سیستمی وەرزی تەنها بۆ ئەو قۆناغانەی کە سیستمی خوێندنی تیادا دەگۆڕێت بۆ بۆڵۆنیا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو بڕیارە (2-10-2022) لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتدا درا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.



دەقى راگەیەنراوەکە:

 

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبۆوە

 

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ پرسی پەڕینەوە (عبور) بۆ خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان تەنها لەو قۆناغانەی کە سیستمی خوێندن تیایدا دەگۆڕێت بۆ بۆلۆنیا پرۆسێس بڕیارى پێویستى دەرکرد، هەروەها مەرجەکانی بەستنی کۆنفرانسی زانستی و پێوەرەکانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی دواى تاوتوێکردن پەسەندکرد.

 

ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (2022/10/2) بەسەرپەرشتى د. خالید شوانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە وەکالەت، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبونەوەى ژمارە (٦)ى خۆى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ تاوتوێکردنى چەند بابەتێکى زانستى و ئەکادیمى لە دیوانى وەزارەت لەشارى هەولێر کۆبۆوە.

 

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە وەکالەت، ئاماژەى بە بەرنامەى کارى کۆبونەوەکە کردو تیشکى خستە سەر ئەو تەوەر و بابەتانەى بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت و پەسەند دەکرێن.

 

لە دەستپێکدا لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ڕاپۆرتى پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی زانکۆی لەندەن لە هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا، بۆ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنى ئەو مەرج و پێشنیارانەى کە لە نوسراوى ئەنجومەنى وەزیراندا هاتوەو گفتوگۆى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا، تەوەرى دوەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوە بریتى بو لە خوێندنەوەى پێوەرەکانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان ئامادەکرابو، دواى خوێندنەوەى ڕاپۆرتەکە بە گفتوگۆى ئەندامانى ئەنجومەن ڕاپۆرتەکە دەوڵەمەند کرا.

 

تەوەرى سێیەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت بریتى بو لە پەسەندکردنی مەرجەکانی بەستنی کۆنفرانسی زانستی، کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان خرایەڕو، بۆ ئەمەش ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت پێشنیازەکانى خۆیان لەبارەى مەرجەکانى کۆنفرانسى زانستى خستەڕو و ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا.

لەبارەى تەوەى چوارەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت کە تایبەت بو بە پرسی پەڕینەوە (عبور) بۆ قوتابیان/خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان تەنها لەو قۆناغانەی کە سیستمی خوێندن تیایدا دەگۆڕێت بۆ پێواژۆی بۆڵۆنیا، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە زیادکردنی وانەی (عبور) بۆ دوو وانە لە سیستمی ساڵانەو چوار وانە لە سیستمی وەرزی تەنها بۆ ئەو قۆناغانەی کە سیستمی خوێندنی تیادا دەگۆڕێت.

 

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و پرسێکى پەیوەست بە کاروبارى زانستى و کارگێڕى و دارایى و خوێندکاران و قوتابیان گفتوگۆى لەبارەوە کرا و ئامادەبوان ڕاى خۆیان لەبارەى پرسەکان خستەڕو و بڕیاری پێویستییان لەبارەیەوە درا.