گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

پەیامێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە: پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ

2022.10.01 - 22:40
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە: پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ

ناس کورد- 

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران پەیامێکی لەبارەی پێشهاتەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێمە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە كە پێشكەوتنەكەی بەرچاو و ئاشكرایە." 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی پەیامەکە: 

 

سپاسنامەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بۆ:

- خەڵكی ئازادیخواز و كۆڵنەدەری كوردستان

- خەڵكی مافخواز لەسەرتاسەری ئێران

- دۆستان و هاونیشتمانیانی دەرەوەی وڵات

- خوێندكاران و قوتابیانی كوردستان و سەرتاسەری ئێران

ئەمڕۆ شەممە 9ی رەزبەری 1401 شاهیدی مانگرتنی سەراسەری و بەرینی هەموو چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان، ناڕەزایی جەماوەریی لە زۆربەی شار و ناوچەكانی ئێران بۆ هاودڵی لەگەڵ كوردستان، مانگرتن و ناڕەزایی و گردبوونەوە لە زانكۆكان، پشتیوانی و هاودەنگی رێكخراو و دامەزراوەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە بانگەوازی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵكی دەرەوەی وڵات لە سەد و سی شاری جیهان بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی و ئاخێزی جەماوەریی لەسەرتاسەری ئێران بووین كە هەموو ئەمانە وەرزێكی نوێی لە گەشە و پێشكەوتنی خەبات و راپەڕینی ئەم دەورەیە دژ بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار كرد.

ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەناخی دڵەوە سپاستان دەكەین. ئێوە ئەمڕۆ شەممە 9ی رەزبەر، وەڵام و پەیامێكی سیاسی گورچك بڕتان بە هێزە سەركوتگەرەكان و كۆی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی دایەوە. ئەمڕۆ ئێوە نیشانتاندا كە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێمە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە كە پێشكەوتنەكەی بەرچاو و ئاشكرایە. ئەم راستییە لەهەموومان دەخوازێت تا زیاتر و جیاوازتر لە هەمیشە پێكەوەیی و هاوئاهەنگیمان هەبێت تا بتوانین هەم هێزێكی زیاتر بە بزوتنەوەكە بدەین و هەم میكانیزمی پێویست بۆ ئەم یەكگرتووییە فەراهەم بكەین.

بەم بۆنەوە داوا لە سەرجەم هێزە نیزامی و ئینتیزامییەكانی كۆماری ئیسلامی و كوردە چەكدارەكانی سەر بە رژیم لە كوردستان دەكەین كە پشت لە رژیم بكەن و بۆ ریزەكانی بەرحەقی خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و ئێران بگەڕێنەوە‌و، بە رەتكردنەویە بەشدارییان لە سەركوتی هاوڵاتیان چیتر بۆ بنەماڵە و هاونیشتمانیان نەبنە مایە شەرمەزاریی.

ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران جارێكی دیكە رایدەگەیەنین بۆ دابینكردنی بەهێزترین و بەرینترین هاوكاریی و هاودەنگی، دیالۆگی نێوان بۆچوون و رەوتە جیاوازەكان لە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ و دەرەوە بە پێویست و خێرا دەزانین و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ئێوەدا هەوڵی تەواو بۆ دەستبەركردنی ئەو هاوئاهەنگییە دەدەین. ئەمەش خواستی راپەڕینی جەسورانەی ئێستا و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی و جەماوەریی ئێرانە. هەوڵی هاوئاهەنگ و رێكخراو لە قۆناغەكانی داهاتوو تەنیا گارانتی پێشڕەویی داهاتوو و سەركەوتنی كۆتایی بەسەر ئەم سیستمە دیكتاتۆر و نا مرۆڤانەیە.

مەرگ و نەمان بۆ رژیمی كۆماری ئیسلامی

بژی هاوپشتی و یەكگرتوویی هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی ئێران

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

9ی رەزبەری 1401ی هەتاوی