گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ناس دوا زانیارییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بڵاودەكاتەوە

2022.09.30 - 14:16
App store icon Play store icon Play store icon
ناس دوا زانیارییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بڵاودەكاتەوە

ناس کورد-

پاش دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی جێگرەوەی حاكم زاملی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، هەنگاوی ئایندەی پرۆسەی سیاسی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە كە جگە لەناوخۆی كوردستان لەناو لایەنە شیعەكانیشدا ڕاجیایی لەسەرە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی بەداواداچوونی "ناس كورد" لە چەند سەرچاوەیەكی جیا (30_9_2022)، هێشتا ئەندامانی سەركردایەتی و ژمارەیەك لەوانەشی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیدان، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەسەركردەكانی پارتی ئاگاداری دوا پێشهاتەكانی دانوستانی ماڵی تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی نین لەبارەی سەرۆك كۆمار و ژمارەیەك پرسی تر كە دۆسیەكانی نەوت و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و بەشكردنی داهات لەنێوان هەولێر و سلێمانی لە خۆ دەگرێت. 

 

زانیارییەكانی "ناس" ئاماژە بەوە دەكەن سەرباری ئەوەی باوەڕێكی زاڵ هەیە كە چانسی بەرهەم ساڵح لاواز بووە بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی، بەڵام هێشتا ناوبراو بێهیوا نەبووە لە هەڵبژاردنەوەی و هەوڵیش هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر رێگرییەكانی بەردەمی لەسەر دوو ئاست كە یەكێكیان ناوخۆیی و دووەمیان دەرەكییە. 

 

هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە لەناو شیعەكان مالیكی داكۆكی لە لەتیف ڕەشید دەكات بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری یەكێتی بەوپێیەی ئەم هەنگاوە هەم ئەگەری هەیە پارتی ڕازی بكات و هەم ناوبراویش لە دوو خولی سەرۆكایەتی مالیكیدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بووە و پەیوەندییەكی زۆریان بەیەكەوە هەیە.

 

هەروەها "ناس" ئەوەشی زانیوە هەوڵ هەیە لە رێگەی ئەو هێزانەی كاریگەرییان لەسەر بۆچوونی بارزانی هەیە، ڤیتۆی پارتی لەسەر بەرهەم ساڵح هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی ناچار نەبن بە دوو كاندید بچنە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار، بەڵام پارتی جگە لەسەر ئەوەی سوورە لەسەر بەردەوامی كاندیدبوونی رێبەر ئەحمەد، بژاردەی دووەمی كاندیدی تری جگە لە بەرهەم ساڵحە و لەسەر ئەم بۆچوونەی سوورە.

 

سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق (هەینی 30-9-2022) ڕایگەیاندووە، " پارتی و یەکێتی له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت رێككه‌وتوون، به‌ڵام له‌سه‌ر بابه‌تی پۆستی سه‌رۆک كۆمار هه‌تا ئێستا هه‌رلایه‌نه‌ كاندیدی جیاوازی خۆی هه‌یه، لە نێوان پارتی و یەکێتی گفتوگۆ هه‌یه‌ له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌كان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " به‌پێی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا ئه‌نجام ده‌درێن له‌وانه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و لایه‌كیتر بڕوات له‌وانه‌شه‌ وه‌كو 2018 هه‌ركه‌س به‌ كاندیدی خۆی بچێته‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌".

 

هاوکات "ناس" زانیویەتی لەچەند رۆژی رابردوودا بەرهەم ساڵح بە شاند و رۆژنامەنووسەكانی میوانی خۆی وتووە لە بەغدا كە بەرنامەی هەیە بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی و ئەگەریش پارتی و یەكێتی كاندیدی نەكەنەوە، ئەوە هەر بەرنامەی خۆی هەیە لە پرۆسەی سیاسیدا بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكات.