ناس کورد-
هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان بەردەوامن و بەهۆیانەوە سێ پێشمەرگەى دیکە برینداربوون، تەرمى پێشمەرگەیەکیش دۆزرایەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێرشەکان بۆ سەر دەڤەرى برادۆست چڕکراونەتەوە و بەدرێژایی شەوى رابردوو تا بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەسەختى ناوچەکە لەژێر تۆپبارانى قورسدا بووە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی فەرماندەی هێزی هەڵگوردی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تەلەفزیۆنى سەرۆکى حکومەتى رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئێران لە دەڤەری برادۆست سێ پێشمەرگەیان برینداربوون.
هەر ئەمڕۆ تەرمى پیشمەرگەیەکى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران بەناوى عوسمان فەیزە لەماڵەکەیدا دۆزرایەوە، کە لەدواى بۆردومانەکەى رۆژى چوارشەممەوە بێسەروشوێن بوو.
بەپێی ئامارەکانى تیرۆرى کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران بە چوار قۆناغ هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دا بەهۆیەوە تا ئێستا 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 58 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سوپای پاسداران (28-9-2022) رایگەیاند، بە 73 موشکى بالیستى 42 بنکە و بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵات بۆردومانکراون و تا داماڵینى تەواوەتى چەک لەو گروپانە هێرشەکان بەردەوام دەبن و پێویستە هەرێم بڕیارى دەرکردنیان بدات.