ناس کورد-
فراکسیۆنى پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئامانجی پشت دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتر نوێکردنەوەی متمانەی پێی ئاشکراکرد، هاوکات ئاماژەیان بەوەدا کە قۆناغی هەستیار "کۆتایی هاتووە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڤیان سەبری سەرۆکى فراکسیۆنەکە (٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢) بە رۆژنامەی سەباحى نیمچە فەرمی وت "هیوادارین کۆتایی بەو قۆناغە هەستیارە بێت کە تێپەڕیوە، و قۆناغى مەترسیدار کۆتایی هاتووە".
وتیشى "لێکتێگەیشتنێکی سیاسی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا هەیە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی لەڕێگەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە".
ڤیان سەبرى باسى لەوەشکرد، "محەمەد حەلبوسی پێشوەخت دیدگای خۆی سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەکە خستەڕوو، ئەو دیدگایەکى هەیە سەبارەت بە نوێکردنەوەی دەنگدان بۆی، چونکە 73 نوێنەری نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەران هەن کە دەبێت متمانە بەدەستبهێنن".
پەرلەمانى عێراق (28-9-2022) کۆبوونەوەکانى دەستپێکردەوە و لەیەکەم هەنگاویدا دەستلەکارکێشانەوەى محەمەد حەلبوسى لەپۆستى سەرۆکى پەرلەمان رەتکردەوە، هەروەها موحسین مەندەلاوی، پەرلەمانتاری کوردی سەربەخۆی بەغداى بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد.