گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

بافڵ تاڵەبانى: بۆردومانەكانی ئێران بۆسەر خاكی هەرێم پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە

2022.09.28 - 19:06
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانى: بۆردومانەكانی ئێران بۆسەر خاكی هەرێم پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە

ناس کورد-

 

بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، بۆردومانەكانی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بافڵ تاڵەبانى لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە "‏‎هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان".

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین.

 

‏‎هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان.

 

‏‎داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات. سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات.

 

‏‎پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن.

‏‎لە كۆتاییشدا دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە.

 

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی

‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

‏‎٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢