گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانى سەدر

سەرۆکى دادگاى فیدراڵى قسەى نوێ لەسەر نەوتى هەرێم و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان دەکات

2022.09.27 - 13:28
App store icon Play store icon Play store icon
سەرۆکى دادگاى فیدراڵى قسەى نوێ لەسەر نەوتى هەرێم و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان دەکات

ناس کورد-

 

جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی هەڵوێستی خۆی لەبارەى دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانى رەوتى سەدر و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بودجە و نەوتى کوردستان خستەڕوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبود (27ی ئەیلوولی 2022) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسى فەرمى عێراق وتى "پێویستە هەموو دەسەڵاتە فیدراڵیەكان بەپێی دەستوورو بەرژەوەندی خەڵك کار بکەن".

 

 ئاماژە بەوە شدەکات دادگای فیدراڵی، بەپێی مادەی ٩٣ی دەستوور، دەسەڵاتی دادوەری خۆی بەکاردەهێنێت، بۆ چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاساکان و لێکدانەوەی دەقەکان.



هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان

سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتى "ئامانج لە دادگای فیدراڵی پاراستنی دەستوور و ڕێگریکردنە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان".

 

 جەختیشیکردەوە کە "هیچ پێشنیارێک لەلایەن ئێمەوە پێشکەش نەکراوە کە پەیوەندی بە پێدانی دەسەڵاتی فراوانترەوە هەبێت بە دادگای فیدراڵی".

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئەو کێشەیەی کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، لە دەستووردا نییە و لە تایبەتمەندى دادگای فیدراڵیدا نییە، بەڵکو کێشەکە لە جێبەجێکردنی دەستوور و هەڵە مامەڵەکردندایە".

 

"هەڵوەشاندنەوەی دادگای فیدراڵی یان گۆڕینی ئەندامەکانی یان چۆنیەتی ڕەوانەکردنی ئەندامان بۆ خانەنشینی لە ڕێگەی دەستوورەوە ئەنجام دەدرێت، دادگای فیدراڵی دەزگایەکی دادوەری سەربەخۆیە لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە و کارامەییەکانی خۆی بەپێی ئەوەی لەدەستوردا هەیە مومارەسە دەکات". 

 

سەرۆكی دادگای فیدراڵی ڕوونییكردەوە، "دادگای فیدراڵی چاودێری هەموو دەسەڵاتەكانە بۆ ئەوەی دەستوور پێشێل نەکەن هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە تایبەتمەندى دادگا نییە، دەستوور ئەو پرسە رێکدەخات".

 

دەستلەکارکێشانەوەى پەرلەمانتارانى سەدر

سەرۆكی دادگای فیدراڵی دەڵێت "لەسەر پرسی گەڕانەوەی پەرلەمانتارانى دەستلەكاركێشاوە، سەرۆكی دادگای فیدراڵی ناتوانێت بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە بدات، چونكە دەبێتە بابەتی گفتوگۆ لەنێوان سەرجەم ئەندامانی دادگا و بەو هۆیەشەوە دەبێت لەژێر رۆشنایی دەستووری لێكۆڵینەوەی لەسەر بکرێت".

 

دەشڵێت "چەند داوایەكی یاسایی تۆماركراوە لەو بارەیەوە، كە هەندێكیان رەتكراونەتەوە، چونكە شێوازی تۆمارکردنیان  نادروستە، لە كاتێكدا داوای دیكەی یاسایی ماوە کە تۆمار دەكرێت و لەو كاتەدا تاوتوێ دەكرێت".

 

سەرۆكی دادگای فیدراڵی باسى لەوەشکرد "ئەو داوایانى تۆماركراوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە (رەوتى سەدری) تۆمار نەكراوە، بەڵكو لەلایەن ئەو لایەنانەوە تۆماركراوە كە هیچ پەیوەندییەكی یاسایییان لەگەڵ ئەم پرسەدا نییە".



یاسای هەڵبژاردن

سەرۆكی دادگای فیدراڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریداوه‌ كه‌ به‌شێك له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌ستوورییه‌، په‌رله‌مان ده‌بێت ئەو ماده‌ یاساییانە بگۆڕدرێت، هه‌روه‌ها ناتوانرێت هیچ هه‌ڵبژاردنێك بكرێت تا یاسای هه‌ڵبژاردن به‌ ته‌واوی ته‌واو نه‌كرێت".



"دەکرێت دادگا دەستوورییەکان هەندێک لە بۆچوونەکانیان بگۆڕن سەبارەت بە بنەما یاساییەکان،  نەک سەبارەت بە بڕیارە دادوەرییەکان کە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەردەچن، ئەگەر دادگای فیدراڵی بزانێت وازهێنان لە بۆچوونەکانی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە، ئەوا بۆچونەکانى خۆی بە شێوەیەک دەگۆڕێت کە دەستوور پێشێل نەکات".



بوجە

سەرۆكی دادگای فیدراڵی جەختیکردەوە، ئەندامانی پەرلەمان تەنیا ئەركیان دەوامکردن نییە، بەڵكو دەبێت كار بۆ بەرژەوەندی عێراق بكەن.

 

 دەشڵێت، حکومەتی ئێستا حکومەتێکی کاربەرێکەرە و و ناتوانێت یاسای بودجە بنێرێت، یاسای بودجە تەنها لەلایەن حكومەتێكی هەمیشەییەوە دەكرێت ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت".



نەوتی کوردستان

لەبارەى نەوتى کوردستانەوە، سەرۆكی دادگای فیدراڵی دەڵێت  "دادگای فیدراڵی قسەکانی خۆی سەبارەت بە نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان وتووە،  جێبەجێکردنی لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانە".