ناس کورد-
پارتى ناوەڕۆکى رێککەوتنى پێکهێنانى هاوپەیمانی شەش قۆڵى راگەیاند و دەڵێت بەپێنج مەرج رازیبوون بچنە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە و سوریشن لەسەر کاندیدەکەیان بۆ پۆستى سەرۆککۆمار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "رووداو" وتى "درەنگی دوێنێ شەو، رێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پارتی، یەکێتی، هاوپەیمانیی عەزم، سەروەری و بابلیون واژۆکرا".
رونیشیکردەوە "پارتی بە هەندێک خاڵ داوای مافی کورد دەکات و لەو رێککەوتنەش هەندێک خاڵ خراونەتەڕوو کە بەشێکیان داواکاریی پێشووتری پارتی بوون، وەک جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور لەوانە ماددەی 140، دەنگدان لەسەر یاسای نەوت و گاز؛ هەروەها پارتی داوا دەکات سەرۆکوەزیران بۆ هەموو عێراق بێت و نابێت دژی هەرێمی کوردستان و بودجەی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت."
لەبارەی بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانی حیزبەکەی، شێروان دووبەردانی وتی "لەبارەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێشتر پارتی وتوویەتی، دەبێت بە گوێرەی دەستوور هەڵبژاردن بکرێتەوە و پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە. هەروەها یەکێکی دیکە لە خاڵەکان رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتییە لە نەینەوا و کەرکووک."
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، دوای ئەو رێککەوتنەش پارتی سوورە لەسەر بەربژێرکردنی رێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
پێشتر نوسینگەى نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاندبوو، کەشتى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بەڕێکەوتووە، لە ئاماژەیەکدا بۆ نزیکبوونەوەى راگەیاندنى هاوپەیمانێتییەکە کە چوارچێوەى شیعى و پارتى و یەکێتى و سوننەکان لەخۆدەگرێت.
لاى خۆیەوە، فادى شەمەرى ئەندامى مەکتەبی سیاسی رەوتى حیکمە لە تویتێکدا نوسیویەتى، ڕێککەوتنى کۆتایی کراوە بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، لەنێوان چوارچێوە و پارتى و یەکێتى و سیادە و عەزم و بابلیۆن و وەرەقەى سیاسی واژۆکراوە.
دەشڵێت، چاوەڕوانى تەوابوونى گفتوگۆکانن بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک کۆمار و دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمان.