ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەو قسانەى رەتکردەوە کە بەناوى بەڕێوەبەرى پەروەردەوە بڵاوکراونەتەوە لەبارەى درێژکردنەوەى دەوام و نەهێشتنى پشووى هاوین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی رونکردنەوەیەکى بەرێوەبەرایەتییەکە (25-9-2022) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئەو قسانە راست نین کە بەناوى دڵشاد عومور بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە بڵاوکراونەتەوە لەبارەى ئەوەى دەوامی قوتابخانەو خوێندنگەکان تا دوای کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ بێت و پشوی هاوین نەمێنێت.
دەقى رونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی
سەبارەت بەوەی لە هەندێ پەیچ و سایت بڵاوکراوەتەوە کە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لێدوانی دابێت دەوامی قوتابخانەو خوێندنگەکان تا دوای کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ بێت و پشوی هاوین نەمێنێت، مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە هیچ شێوەیەک لێدوانی بۆ ئەو پەیجە نەداوەو ناشیانناسێت، گشت ئەو لێدوانانەی کە بەڕێوەبەری گشتی ئەیدا لە سایت و پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان دادەبەزێنرێت و بڵاودەکرێتەوە ، لەسەرەتای دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ کە لە قوتابخانەی سنگر ووتاری دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی پێشکەش کرد و لە پەیجی فەرمیمان بڵاوکرایەوە وە چاوپێکەوتنێکی کردووە لە پەیچی کۆباس و بڵاوکراوەتەوە و دەتوانن بیبینن بزانن کە چ قسەیەکی لەو شێوەیەی تیایە، هەر بۆیە دیارە ئەم پەیجە تەنها بۆ کۆکردنەوەی کۆمێنت و لایک هەواڵی لە شێوەیە بڵاو دەکاتەوە، بۆیە مامۆستایان و فەرمانبەران ئاگادار دەکەین کە بەڕێوەبەری گشتی هەر لێدوانێک بدات لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بڵاودەکرێتەوەو هیوادارین مامۆستایان ئاگاداری ئەو حاڵەتە بن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی
٢٠٢٢/٩/٢٥