ناس کورد-
بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتیمانیی ھەرێم بەرەو تەواوبوون دەڕوات و دەڵێت، ساڵی نوێ بانکەکە دەکرێتەوە و ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە ھەموو ئەو پێشینانەی بانکی عێراقی دەیانداتە ھاووڵاتییان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (25ی ئەیلولی 2022) راگەیاند، ھەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمانیی ھەرێم بەرەو کۆتایی دەچن و لە ھەرێمی کوردستان رێکارەکان کۆتایییان ھاتووە و تەنیا دانانی بەڕێوەبەر و ئەندامانی بانکەکە ماون، بەڵام رێکارە یاسایییەکان لە بەغدا ماون تەواو بکرێن، پێشبینی دەکەم ساڵی نوێ بانکی نیشتمانی دەست بە کارەکانی بکات.
دەشڵێت، دامەزراندنی بانکی نیشتمانی لەگەڵ بانکەکانی دیکە جیاوازییەکەی ئەوەیە بانکەکانی ئێستا بە یاسایی کارەکانیان بەڕێوە نابەن، خالێکی دیکەی بانکی نیشتمانی کە دەکرێتەوە لەھەمبەر جیھانی دەرەوەیە بۆ ئەنجامدانی کردارە بانکییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان ڕوونی کردەوە، بانکی نیشتمانیی ھەرێم دوای دامەزراندنی زۆر سوودی دەبێـت، لەوانەش ھەموو ئەو پێشینانەی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ساڵانە و مانگانە بە ھاووڵاتییان دەدرێت ھەرێمی کوردستانیش لێیان سوودمەند بێت، ھەروەھا چەندین سوودی دیکەی ھەیە بۆ بازاڕ و سیستەمی بانکی، چونکە بانکی نیشتمانی بە سیستەم کارەکانی بەڕێوە دەبات.