کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پەرلەمانتارێکی عێراق، رایگەیاند "لە بازگەکانی هەولێر بڕی 10 هەزار دینار لەهەر گەشتیارێکی عەرەب وەردەگیرێت" و داوا لە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارى عێراق دەکات رێگرى لەو پارە وەرگرتنە بکات. . ئەمڕۆ (دووشەممە، 12ى ئابى 2019) جەواد موسەوی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی سائیرون، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشێلکاری دەستور دەکەن و پارە لە هەر گەشتیارێکی عەرەب وەردەگرن کە سەردانی شارەکانی هەرێم دەکات. . جەواد موسەوی، لە راگەیەندراوەکەیدا روونیدەکاتەوە، کاتێک هەر گەشتیارێکی عەرەب لە شارەکانی باشور و ناوەڕاستەوە بیەوێت بەمەبەستی گەشتکردن بچێتە هەرێم لە بازگەی هەولێر بڕی 10 هەزار دینار وەکو پارەی چونە ژورەوە لێوەردەگیرێت و هەروەها مۆڵەتنامەیەکی بۆ دەکەن کە بۆی نییە ماوەی 30 رۆژ زیاتر لە هەرێم بمێنێتەوە. . موسەوى ئەو کارە بە "پێشێلکاریى" دەستورى عێراق ناودەبات و داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆمار دەکات رێگرى لەو کارە بکەن. . پەرلەمانتارەکەى سائیرون هۆشدارى ئەوەش دەدات " ئەگەر ئەو بڕیارە رانەگیرێت ئەوا دەبێت هەمان مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی هەرێم بکرێت کە دەچنە شارەکانی ناوەڕاست و باشورى عێراق". . لەو بارەیەوە، ناس کورد پەیوەندیکرد بە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر و نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان و لە پەیوەندییەکەدا هیچ کامیان ئەو بابەتەیان رەت نەکردەوە و تەنها بێئاگایى خۆیان لەو کارە نیشاندا. . لە بەدواداچوونەکانى ناس کورد، وێنەی یەکێک لەو پسوڵانە دەستکەوت کە لەبازگەی هەولێر بۆ گەشتیارێکی عەرەب کراوە و تیایدا دەردەکەوێت کە بڕی 10 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە، بەڵام لەسەر پسوڵەکە ناوی هیچ فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەکی تایبەتی لەسەر نەنوسراوە و کەس نازانێت کە پارەی ئەو پسوڵەیە بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟.