ناس کورد-
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت ڕایگەیاند، "هیچ پڕۆژە و یاسایەک تێناپەڕێت لە ڕێی پەرلەمانەوە کە دژی بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا (23ی ئەیلولی 2022) دەڵێت، چەند ڕۆژێکە لەمیدیاو لەناو شەقام و خەڵکی هەرێمی کوردستان بابەتی پڕۆژە یاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت) بۆتە باسێکی گەرم و لەسەر هەندێک لە ماددەکانی نیگەرانی دروستکردووە.
دەشڵێت، "لەبارەی ئەم پڕۆژە یاسایە لەیەکەم ماددە کە گفتوگۆی لەسەرکرا بەڕێز سەرۆکی فراکسیۆن لەناو هۆڵی پەرلەمان هەڵوێستی پارتی ڕاگەیاند کە هیچ پڕۆژەو یاسایەک تێناپەڕێت لە ڕێی پەرلەمانەوە کە دژی بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت."
"لێرەوە دووبارە ڕایدەگەیەنین پارتی و مێژووی پارتی پڕە لەهەڵوێست لەبەرگری لە هەموو ئاینەکان و ئاینی ئیسلام کە ئاینی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانەو لەسەر ڕێچکەو ڕێبازی سەرکردەی ڕۆحیمان بارزانی نەمر لانادەین و دڵنیایی دەدەین ڕێگا نادەین یەک وشەش بە پاڵپشتی ئێمە تێپەڕببێت کەهەستی موسڵمانان بریندار بکات،" فراکسیۆنی پارتی وا دەڵێت.