گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی زانایان لەسەر پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان هاتەدەنگ

2022.09.23 - 16:43
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی زانایان لەسەر پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان هاتەدەنگ

ناس کورد-

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان روونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت بڵاوکردەوە رایانگەیاند، پێشنیازە یاساکە پێچەوانەی نەریت و واقعی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە روونکردنەوەکەی یەکێتی زانایاندا (23ی ئەیلولی 2022) هاتووە، "دوای گەنگەشەکردنی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، لێکەوتە و دەنگدانەوەی خراپی لێکەوتەوە، ئێمە لە یەکێتی زانایان لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و ئەرکی پیشەیی خۆمان چاومان بە پرۆژە یاساکە کەوتووە".

 

لە بڕگەیەکی ماددەی دووەمی پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت هاتووە، "بەزۆر سەرجێییکردن لەگەڵ هاوسەردا" بە تاوانی توندوتیژی خێزانی و دژبە ئافرەت دابنرێت و، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری خستووەتە نێو پەرلەمانەوە.

 

بە گوێرەی روونکردنەوەکە، یەکێتی زانایان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، کە "ئەم پرۆژە یاسایە لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت، واقعی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتیە و، ئەگەری لێکەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە."

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەروەها داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن، "پرۆژەی نەگونجاو بە کولتوور و واقعی میللەتەکەمان نەخاتە بەرنامەی کار و هەوڵی بە یاسا کردنی نەدات، چونکە دەرکردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە نەک زیاتر کردنی ئاریشە".