ناس کورد-
سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى رایگەیاند، بەدواداچوونەکان لەبارەى ژەهراویبوونى 100 خوێندکار لە قوتابخانەیەکى سلێمانى دەریخستووە کە هۆکارەکە لەفەى مریشک بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رێکان جەمال (22-9-2022) بە "ناس کورد" ى راگەیاند "دەرکەوتووە کە هۆکارەکە لەفەى مریشک بووە و لەفرۆشگاى قوتابخانەکە فرۆشراوە کە لەئێستادا داخراوە".
وتیشى "ئەو کەیسە گەورەیە و پێویستە ئەو کەسەى بەرپرسە رووبەڕووى یاسا بکرێتەوە چونکە 100 کەس ژەهراوى بووە".
پێشتر تەندروستى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا (22-9-2022) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردبوو، لە (۲٤) کاتژمێری ڕابردوو لەخوێندنگایەك لەناو شاری سلێمانی نزیکەی (۱۰۰) خوێندکار بەحاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی د.جمال احمد ڕەشید تایبەت بەمنداڵانیان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخەکە، ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لیژنەیەکی تایبەت لە( چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) ى ڕاسپارد ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بکرێت لەدۆزینەوەی حاڵەتەکان و نمونەی خۆراك و ئاو بۆپشکنینی تاقیگەی وەربگیرێت.