ناس کورد-
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە بەشداربوانی کۆبوونەوەى كۆمەڵەی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەکات ناڕەزایی دەربڕن دژ بە "سیاسەتە نامرۆڤانەكانی" ئێران بەرانبەر خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکى مەدەنی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناوەندەکە (21-9-2022) لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، بانگهێشتکردنى ئیبراهیم رەئیسى سەرۆککۆمارى ئێران بۆ ئەو کۆبوونەوەیە لە لایەن هەموو خەڵكی ئێرانەوە جێی داخ و سەرسوڕمانە.
دەقى بەیاننامەکە:
بەڕێزان، سەرۆكی نەتەوە یەكگرتووەكان
بەشداربوانی كۆمەڵەی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان!
لەكاتێكدا خەڵكی هەموو ئێران لەم رۆژانەدا دژ بە زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران و دژ بە كوشتنی بەناحەقی كچێكی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی ژینا (مهسا) ئەمینی و بڕیاری حیجابی زۆرەملێ و ئازادیی پۆشاك پۆشینی ژنانەوە هاتوونەتە سەرشەقام و بە خۆپیشاندانی مەدەنی و هێمنانە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن و دەكوژرێن، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بانگهێشتی كۆبوونەوەی گشتیی ساڵیانەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە و لەوێ بە بەرچاوی هەموو دنیا وتارێكی پڕ لە درۆ پێشكەش دەكات، ئەمەش لە لایەن هەموو خەڵكی ئێرانەوە جێی داخ و سەرسوڕمانە. هەر ئێستا كە ئەم كۆبوونەوەیە بەڕێوەدەچێت هێزەكانی رژیم خۆپیشاندەرانیان بەرئاگری چەكەكانیان داوە و چەندین ژن و منداڵ و خەڵكی مەدەنییان خەڵتانی خوێن كردوە.
ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكومكردنی بەشداریی ئیبراهیم رەئیسی لەو كۆبوونەوەیە چاوەڕوانی ئەوەین لەلایەن بەشداربووانی كۆبوونەوەكە دەنگی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتە نامرۆڤانەكانی كۆماری ئیسلامی و كوشتاری خەڵكی بەشدار لە كۆبوونەوە هێمنانە و مەدەنی دەنگ هەڵببڕن و ئاوڕێك لە خەڵكی مافخوازی ئێران بدەنەوە و دژ بە بەشداری سەرۆكی ئەو رژیمە ژنكوژە بێنە دەنگ.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
30ی خەرمانانی 1401ی هەتاوی
21ی سێپتامبری 2022ی زایینی