ناس کورد-
جەلال پەرێشان ئەندامى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، بەتاوانناساندنى سەرجێی هاوسەرى بەزۆر لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى دژى فەرمودەى پێغەمبەرە (د.خ).
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەلال پەرێشان لەکۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان (21-9-2022) لەبارەى مشتومڕى تایبەت بەو پرسە وتى "من نەپێشوو پێویستم بەو ئیشە هەبووە و نە ئێستا و نە داهاتوو، سەرم رەحەتە، بەڵام ئەوە دژى فەرمودەیەکى پێغەمبەرە (د.خ) کە دەڵێت ئەگەر پیاو داواى سەرجێی لە هاوسەرەکەى کرد و رازى نەبوو، ژنەکە تا بەیانى لەژێر نەعلەتى فریشتەکان دەبێت".
وتیشى "ئەمە بۆ ئاینى حەزرەتى عیسا و موسا و یەزدیدى و کاکەیی و هەموویان تەواوە".
پەرێشان جەختیکردەوە، گرنگە لەنێوان لیژنەى فەتوا و لیژنەى کاروبارى ئاینى هەماهەنگى هەبێت بۆ ئەوەى ئەو مشتومڕە کۆتایی بێت.
پەرلەمانى کوردستان لەئێستادا سەرقاڵى خوێندنەوەى دووەمە بۆ پێشنیازە یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى کە چەند کارێک تێیدا بەتاوان ناسێنراوە لەوانە "سەرجێی هاوسەرى بەزۆر، پچڕاندنى پەیوەندى کۆمەڵایەتى".