ناس کورد-
محەمەد شیاع سودانی کاندیدى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ سەرۆک وەزیران ناوەڕۆکى کۆبوونەوەی لەگەڵ دەیان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناو بینای پەرلەمان لە ناوچەی سەوز لە بەغدا ئاشکرا کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نووسینگەى سودانى لە بەیاننامەیەکدا (٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە "کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی ژمارەیەک پەرلەمانتار بووە".
ڕوونیشیكردەوە "ژمارەی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە 60 نوێنەری تێپەڕاند لە کوتلە سیاسییە جیاجیاكان، باسیان لە پرسە گرنگەكانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و ئەو پرسە جیاجیایانە كرد كە ڕووبەڕووی هاووڵاتیان دەبێتەوە، هەروەها بیرۆكە و پێشنیارەكان بۆ گەشەسەندنى ئابووری".
"هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چالاککردنی میکانیزم و بەرنامە و پلانەکانی پەیوەست بە دابینکردنی هەلی کار و چارەسەرکردنی هەژاری و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی هەژارترین پارێزگاکان کرا"، ئەوەش بەپێی بەیاننامەکە.
سودانی هەروەها تێڕوانینى لەبارەى دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و دانوستان و ڕێککەوتنە بەردەوامەکانی پێشکەش کردووە، کە جەخت لەسەر پەیوەندیکردن لەگەڵ هەمووان و پەسەندکردنی دیالۆگ و بەردەوامبوون لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان دەکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا سودانی تایبەتمەندییەکانی بەرنامەی وەزارییەکەی بۆ پەرلەمانتاران رونکردنەوە، لەگەڵ پێداچوونەوەی بە هەندێک دیدگا و بیرۆکەی پەیوەست بە سروشتی پەیوەندی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی داهاتوو.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "تێبینی پەرلەمانتاران ئەرێنی بووە و کۆبوونەوەکەیان بە ئاماژەیەک بۆ بنەمای بەرپرسیارێتیی هاوبەش زانیوە".