ناس کورد-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە هەردوو وەزارەتی داد و ناوخۆی راگەیاند؛ هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان و ژنکوژانیش دەرباز نابن لە سزای یاسایی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، لەمیانەی هەڵمەتەکەی بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی سەردانی هەردوو وەزارەتی داد و ناوخۆی کرد و "جەختی لەوە کردەوە کە کەس لەسەرووی یاساوە نییە و هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان و ژنکوژانیش دەرباز نابن لە سزای یاسایی."
بەپێی ڕاگەیەنراکە، "لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە هۆکارەکانی هەڵکشانی تووندوتیژی دژی ژنان کرا و چۆنییەتی رێگری کردن لەو هەڵکشانە لەڕێی یاسا بەرکارەکان و چۆنییەتی هەموارکردنەوەی یاساکانیش تاوتوێ کران."
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا "قوباد تاڵەبانی جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانرێت رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی تاوان و بەسزاگەیاندنی تاوانباران."
لە کۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ وەزیر و بریکار و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ، ئامار و داتاکانی ئەنجامدانی تاوان دژی ژنان خرایەڕوو و ئەو هەڵکشانەش کە بەدی کرا لە ئامارەکان بە زەنگێکی مەترسیدار ناو برا.
جێگری سەرۆک وەزیران لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد کە؛ چاوکراوەتر لە جاران رێگری بکەن لە ئەنجامدانی تاوان و بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دووپات کردنەوە. ڕاشیگەیاند هەر تاوانبارێک، لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، چاوپۆشی لێناکرێت.
قوباد تاڵەبانی داواشی کرد لایەنە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی هەرێم هەماهەنگ بن و لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی عێراقیش هاوکاربن تاوەکو هیچ تاوانبارێک نەتوانێت دەرباز بێت لە سزای یاسایی.