ناس کورد-
ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط" لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە ئاشکرایکرد کە گۆڕانکارییەکی "بنەڕەتی" لە دانوستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ڕوویداوە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیندووکردنەوە و بنیادنانی "بەرەیەکی یەکگرتوو" بۆ یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنەی کێشە و ناکۆکییەکان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بە یەک کاندیدی هاوبەش بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بچنە بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، كە بەهۆی هەستیاریی دانوستانەكانەوە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، قسەی لەگەڵ "الشرق الأوسط" كردووە، "تاڕادەیەک ئەوە یەکلاییبووەتەوە کە یەکێتی و پارتی بە دوو کاندیدی جیاوازەوە ناچنە کێبرکێی پۆستی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو كە هەردوو لایەن رێككەوتوون لەسەر زیندووكردنەوەی بەرەیەكی یەكگرتووی كوردی، وەك لە ڕابردوودا هەبووە و ڕاشیگەیاند، ئەم بەرە دووقۆڵییە "سەرەتا دانوستان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ناكات، بەڵكو هاوكێشەیەكی سیاسی نوێ لەناو هەرێمی كوردستاندا دروست دەكات".
بە وتەی بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا دانوستانەکان لە “قۆناغێکی پێشکەوتوودان، دوای ئەوەی هەردوو لایەن گەیشتنە شێوازێکی نوێ بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕێڕەوی دانوستانەکان، بەشێوەیەک پۆستی سەرۆککۆمار یەکێکە لە دەرەنجامەکانی، نەک سەرەتای دانوستانەکان”.
ئەو سەرچاوەیە ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات لەسەر ئەوەی کە ئایا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار کە سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە لە خولێکی نوێدا بەردەوام دەبێت یان کاندیدبوونی خۆی دەکشێنێتەوە، بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە “ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە دانوستانەکانی ناوخۆی هەرێم خوازراون، کارەکە ئاسانتر دەکات”.