ناس کورد-
بنەماڵەى ئەفسەرە کوژراوەکەى پێشمەرگە جەختیان کردەوە کە کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە و پێویستە بکوژەکە لە سێدارە بدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرلەبەیانی هەینى ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگەو ژمارەیەک لە ئەفسەران وفەرماندە سەربازییەکان کەسوکارەکەی، تەرمی عەقید ( سابیر جومعە ئاکرەیی) لە گۆرستانی ئاکرێ بە رێورەسمێکی سەربازی بە خاک سپێردرا.
کەسوکارى ئەو ئەفسەرە لەمەراسیمى بەخاکسپاردنیدا ئاماژەیان بەوەکرد، عەقید سابیر شەڕ و دەمەقاڵەى لەگەڵ کەس نەبووە.
داواشیان کرد بکوژەکە و هەر کەسێکیش کە لەپشتیەوە بوبێت بە زووترین کات لە سێدارە بدرێت.
لەرووداوەکەدا جگە لە کوژرانى ئەو ئەفسەرە، هاوسەر و منداڵێکیشی برینداربوون و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بەوتەى کەسوکارەکەى، لەئێستادا منداڵەکەى کە تەمەنى پێنج ساڵە و گولـلەیەک بەر سەرى کەوتووە دۆخى تەندروستى ناجێگیرە.
ئێوارەی رۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە سنوری قەزای ئاکرێ ( عەقید سابیر جومعە ئاکرەیی)، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، هاوسەر و منداڵێکیشی بریندارن.