ناس کورد-
لە كاتێكدا دەیان هەزار هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان هەوڵی كۆچكردنی نایاسایی دەدەن بۆ ئەوروپا و هەریەكەیان بە تێكڕا 10 هەزار دۆلار دەدەنە قاچاخچیەكان، هەزارانی دیكەش لە چینی نوێی بازرگان و دەوڵەمەند و بەرپرسانی حزبی و حكومی، بەدوای وەرگرتنی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی دووەمدان کە تێچووی زیاتر لە 100 هەزار دۆلارە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راپۆرتێکى هاوبەشی "العالم الجدید" و تۆڕی رۆژنامەوانی بنكۆڵكاریی عێراق "نیریج" كە "ناس كورد" بینیویەتی (16ی ئەیلولی 2022)، ئەو هەنگاوە ڕێگە بەو کەسانە دەدەن بە ئازادی گەشت بکەن، پارە و سامانەکانیان بگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیکە، کە بووە هۆی زیانی ملیارەها دۆلار.
ساڵانە دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد کە زۆربەیان گەنجن، هەوڵدەدەن لە ڕێگای قاچاخەوە بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، کە دەیانیان بەهۆی خنکان لە دەریادا یاخود خنکان لەناو بارهەڵگرەکاندا گیان لەدەست دەدەن. ئەو کەسانەی کە داهاتیان کەم و مامناوەندە، بە تێکڕا لەو گەشتەدا ١٠ هەزار دۆلار دەدەن، لە کاتێکدا دەوڵەمەندەکان ڕێگای دیکە دەگرنە بەر کە تێچووی چەندین هێندەیە.
قاچاخچییەکان، کۆمپانیاکانی کڕینی رەگەزنامە و وەبەرهێنەران دەڵێن، لەم ساڵانەی دواییدا ملیارەها دۆلار لە هەرێم چووتە دەرەوە، هەروەها کوردستان لە ئەنجامی “گەندەڵی، نەبوونی دادپەروەری و ترس لە داهاتوو”، دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی لەدەستداوە.
چەند سەرچاوەیەك لە فەرمانگەكانی كۆمپانیاكانی بیمەی "ڕەگەزنامەی دووەم" كە لە كوردستان چالاك بوون و لە رێگەی جۆراوجۆرەوە ریكلام بۆ كارەكانیان دەکەن، دووپاتی دەكەنەوە كە هەزاران هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لە چینی تازە دەوڵەمەند، بەدوای بەدەستهێنانیپاسپۆرتی دۆمینیکا و پاسپۆرتی وڵاتانی دیکەوەن لەڕێگەی وەبەرهێنانی دارایی یان کڕینی خانووبەرە.
بیرۆکەی کڕینی پاسپۆرت بۆ دۆمینیکا کە دوورگەیەکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٧٢ هەزار کەسە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەناو ئەو کەسانەی بەدوای ڕێگەیەکی سەلامەت و ئاساندا دەگەڕێن بۆ گەیشتن بە یەکێتی ئەوروپا، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە، سەرەڕای تێچووی زۆری دەستەبەرکردنی پاسپۆرتی وڵاتانی کاریبی کە بڕەکەی لانیکەم ١١٠ هەزار دۆلارە.
حکومەتی دۆمینیکا دوو بژاردە بۆ ئەو کەسانە دادەنێت کە دەیانەوێت پاسپۆرت لە وڵاتەکەیان بەدەست بهێنن، یەکەمیان ئەوەیە داواکار بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرتەکە دەبێت ١٠٠ هەزار دۆلار بدات، لەکاتێکدا ئەو بڕە پارەیەی کە دەدرێت بە داواکاری سەرەکی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگاتە ١٥٠ هەزار دۆلار، ئەمە تێچوون و کرێی فەرمانگە و کۆمپانیاکان ناگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی داواکاریدا دەکات، هەروەها ئەو بڕە پارانەی کە بۆ هەر ئەندامێکی خێزان بەپێی تەمەنی جیاواز زیاد دەکرێن.
سەبارەت بە بژاردەی دووەم، لە ڕێگەی وەبەرهێنانی خانووبەرەیە، کە داواکار دەبێت وەبەرهێنان لە پرۆژەیەکی خانووبەرەدا بکات کە لەلایەن حکومەتەوە لە دۆمینیکا پەسەندکراوە بە بەهای لە ٢٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت.
وەبەرهێنەر دەبێت خاوەندارێتی موڵکەکە بۆ ماوەی لانیکەم ٣ ساڵ لە بەرواری بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەوە بهێڵێتەوە، وەبەرهێنەر دەتوانێت دوای ٥ ساڵ بە بەرنامەی وەبەرهێنان موڵکەکە بەپێی ڕەگەزنامەی دۆمینیکا بفرۆشێتەوە، بەبێ ئەوەی ڕەگەزنامەکەی بکشێنێتەوە یان هیچ کام لە ئیمتیازاتەکانی لەدەست بدات.
ژمارەیەک سەرچاوەی پەیوەندیدار دووپاتی دەکەنەوە کە داواکاری بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی دۆمینیکا لە کوردستان پەرەی سەندووە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی پێکردووە، لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە لوتکە، تا ئەو کاتەی ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەستیان هێناوە و فایلەکانیان لە تەواوبوون نزیک بووەتەوە بووەتە زیاتر لە ١٥ هەزار کەس.
کۆمپانیای (MontReal Management Consultants)، ئەو کۆمپانیا فەرمیەی کە بانگەشە بۆ داواکارییەکانی ڕەگەزنامەی دۆمینیکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنکەکەی لە دوبەیە رەتیکردەوە قسە لەو بارەیەوە بکات، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کارەکانی کۆمپانیاکە وتی "ئامارەکان بە نهێنی دەمێننەوە لەگەڵ خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی دۆمینیکا جگە لە وەزارەتی دەرەوە، و ڕێگە بە کەس نادرێت سەیریان بکات".
سێ سەرچاوە لە هەولێر (دوو کارمەندی ئاسایش و خاوەنی سێیەم فەرمانگەی گەشت و گوزار) دووپاتیان كردەوە كە كەسایەتییە سیاسی و حزبییەكانی كورد و بنەماڵەكانیان لە پێش ژمارەی داواكارانەوەن.
ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان - کە بە هۆکاری تایبەت داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت- دەڵێت ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 کەس پاسپۆرتی دۆمینیکایان هەیە، لەنێویاندا نزیکەی 600 بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنی حکومی و حزبی لە کوردستان کاردەکەن.
پارێزگاى سلێمانى لە پلەى یەکەمدایە لەرووى ژمارەى ئەو کەسانەى پاسپۆرتى لەو شێوەیەیان هەیە داواکارى لەو بارەیەوە پێشکەش دەکەن، ژمارەی داواکاران لانیکەم مانگانە نزیکەی چوار کەسە لە کۆمپانیایەکدا، لە کۆی گشتی حەوت کۆمپانیای تایبەتی ناوخۆیی کە ئەم مامەڵانە بەرەوپێش دەبەن. هەندێک لە کۆمپانیاکان داواکاری گەورەتر وەردەگرن، و داواکارییەکان لە ماوەی قەیرانەکانی کوردستاندا چەند هێندە دەبن.
هەروەها ههولێر له پلهی دووهم دێت له ژمارهی ئهو كهسانهی كه پاسپۆرتیان ههیه، بهڵام به ژمارهی كۆمپانیاكان له سهرهوهی پارێزگاكانی كوردستانهوهیه، كه ژمارهی دهیه كه یهكێكیان زۆرترین مامهڵهی تێدایه.
وەبەرهێنەران و خاوەن کارانى هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە داواکارى هاووڵاتییانی عێراق بۆ ئەو وڵاتانەی کە مافی نیشتەجێبوون و ڕەگەزنامەیان پێدەبەخشن، بووەتە هۆی ئەوەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ملیارەها دۆلار وڵات بەجێبهێڵن.
یاسین مەحمود رەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە كوردانەی داوای رەگەزنامەیان لە وڵاتانی وەك دۆمینیكا، توركیا، ئیسپانیا، یۆنان و ئەوانی تر كردوە، نزیك دەبێتەوە لە 100 هەزار، كە بەهاکەى لەنێوان (110- 400) هەزار دۆلاردایە.
رەشید كۆی ئەو پارەیەی لەو رێگەیەوە چووەتە دەرەوە بە نزیكەی 10 ملیار دۆلاری ئەمریكی مەزەندە دەكات، کە بڕواى ئەو ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی گەشەی وەبەرهێنان و ئابووری لە كوردستان.
ئەو پێیوایە بەدواداچوون بۆ ڕەگەزنامە یاخود پاسپۆرتی دووەم تەنها لە چینی سیاسی یان بازرگان و دەوڵەمەندەکاندا قەتیس نییە، بەڵکو ڕەوتێکی گەورە لە گروپەکانی دیکەوە هەیە، بەتایبەتی پزیشک و دادوەر و پارێزەر و ئەوانی دیکە، کە بەدوای ژینگەی دیکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە ژینگەیەکی تردا بکەن جگە لە ژینگە ڕەسەنەکەیان.