ناس کورد-
سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان، باس لە کەیسێک دەکات کە ژنێک خیانەتی لە هاوسەرەکەی کردووە و پیاوەکە لەکاتی خیانەتەکەدا ژنەکەی گرتووە، بەڵام کاردانەوەی بۆ کوشتنی کەسیان نەبووە و سکاڵای تۆمارکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بورهان عەلی، سرکتێری یەکێتی پیاوان (پێنجشەممە 15-9-2022) بە "ناس کورد"ی وت، "لەماوەی ئەمساڵدا سێ حاڵەتی کوشتنی پیاوان لەلایەن ژنەکانیانەوە بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکراوە."
وتیشی، "هەروەها هەر لەمساڵدا لە یەکێک لە کەیسەکاندا، پیاوێک هستی کردووە ژنەکەی خیانەتی لێدەکات، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، مۆبایلی لە ژوورەکەیدا داناوە و دەنگی هاوسەرەکەی تۆمارکردووە، کاتێک چووەتەدەر لەماڵ، گوێبیست بووە کە ژنەکەی لەگەڵ کەسێکدا قسە دەکات و کاتی بینینی یەکتر دادەنێن."
ئاماژەی بەوەشکرد، " بۆ ڕۆژی دواتر پیاوەکە لەگەڵ برایەکیدا لە دووری ماڵی خۆیان دەوەستن و دەبینن پیاوێک دەچێتە ماڵەوە بۆ لای ژنەکە."
بەوتەی بورهان عەلی، "دواتر پیاوەکە لەگەڵ براکەیدا دەچێتە ماڵەوە و دەبینێت ژنەکەی خیانەتی لێدەکات و لەکاتی خیانەتەکەدا گرتوونی."
سکرتێری یەکێتی پیاوان باسی لەوەشکرد، "ئەوەی کە جێی سەرنجە، پیاوەکە کاردانەوەی بۆ کوشتنی ژنەکەی و دۆستەکەی نابێت، بەڵکو پەیوەندیی بە پۆلیس دەکات و ئێستا کەیسەکە لە دادگایە."
هاوکات لەبارەی کەیسێکی دیکەوە دەڵێت، "لە کەیسێکی دیکەدا بەهەمانشێوە، پیاوێک ژنەکەی لەکاتی خیانەتدا گرتووە و هێرشی کردوونەتەسەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژنەکەی و دۆستەکەی دوو کەس بوون، پیاوەکەیان کوشتووە و تەرمەکەیان لە شوێنێک فڕێداوە، دواتر ئاشکرابوون و دەستگیرکراون."