ناس کورد-
لە گوندی بنگردی قەزای چەمچەماڵ، کورێک لە خەودا باوکی خۆی کوشت و دەڵێت، لەسەر کێشەی خێزانی ئەو کارەی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، لەبەرواری (۱۳/ ٩ / ٢٠٢٢) کاتژمێر (٣:۳٠) خولەکی شەو هاوڵواتیەکی تەمەن ٤٨ ساڵ لەگوندی بنگردی قەزای چەمچەماڵ لەماڵەکەی خۆیدا کوژرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پاش ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بەو ڕووداوە هێزەکانمان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستیان بەکۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچون کرد، سەرەنجام پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە تۆمەتبار (ڕ ، م ، س ) تۆمەتبار بەکوشتنی باوکی لەبەرواری (۱٤/ ٩ / ٢٠٢٢ ) لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، تۆمەتبارەکە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و وتی، "کاتژمێر (۳۰:٣) خولەکی شەوی (۱۳ لەسەر ۱٤ /٩ / ٢٠٢٢) بەدەمانچەیەک لەکاتی خەودا هەستام بەکوشتنی باوکم و پاشان ئاگاداری هێزە ئەمنییەکانمان کرد کە باوکم کوژراوە."
تۆمەتبارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو دەمانچەیەی باوکمم پێکوشت لەگەڵ چەکێکی دیکە لەجۆری کڵاشینکۆڤ پاش ڕووداوەکە بردم لەوەردێک لەگوندەکەی خۆمان شاردمەوە."
سەبارەت بەهۆکاری کوشتنەکە تۆمەتبارەکە دەڵیت کە لەسەر کێشەی خێزانی پەیوەندیدار بەخێزانەکەی خۆیان کوشتوویەتی.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لەئێستادا تۆمەتبارەکە بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و دۆسێی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.