ناس کورد-
چوارچێوەى هەماهەنگى جموجۆڵى دەستپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ محەمەد شیاع سودانى کاندیدەکەی بۆ سەرۆک وەزیران، بەڵام لە کاردانەوەى موقتەدا سەدر دەترسێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەی "ئیندیپێندنت" عەرەبی لە ڕاپۆرتێکدا (١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢) بڵاویکردووەتەوە، "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ناردنی لیژنەیەکی بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی بۆ ماڵى موقتەدا سەدر ئاشکرا کردووە، پێش ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سیاسی".
ڕوونیشیکردووەتەوە، رێككەوتنێكی نیشتمانی هەیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق.
غازی فەیسەڵ، بەرپرسی ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان ڕەتیدەکاتەوە کە "چوارچێوە" بتوانێت ئەو ژمارەیە کۆبکاتەوە کە پێویستە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە پێداگریی لەسەر کاندیدکردنی سودانی هەراسانکردنى سەدرییەکانە.
فەیسەڵ وتیشی، "چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەكانی ناتوانن بە تەنیا بە 180 دەنگی پەرلەمان بچن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، راسپاردنی سەرۆك وەزیران بەبێ ئەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ پرسی كاندیدكردن و هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار بدۆزنەوە، كە وێستگەیەکی بنەڕەتی پێکدەهێنێت پێش ئەوەی سەرۆک وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشان بکرێت”.
ئاماژهی بهوهشدا كه كۆدهنگییهك له نێوان پارتی و یهكێتیی لهسهر ئهم پرسه نییه.
فەیسەڵ ڕوونیشی كردەوە، هەردوو هاوپەیمانی "نەسر" و هەندێك هێزی تر لە "چوارچێوەی هەماهەنگی" داوا دەكەن رەوتی سەدری بەشداری لە كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بكات.
بەوتەى فەیسەڵ، پرسی کاندیدبوون ڕووبەڕووی کێشەیەک بووەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە "چوارچێوە" پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تاکە کاندید بۆ سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانییە، ئەوەش هەراسانکردنى رەوتى سەدرە.
هەروەها پێشبینیکرد کرد کە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕەوتی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوام بێت، ئەمە جگە لەوەی کەش و هەوای سیاسی نێوان ئەو هێزانەی کە نەخشەی سیاسی لە پەرلەمان پێکدەهێنن دەرفەتێک ناڕەخسێنێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و راسپاردنى سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت.
"ململانێکە بەردەوام دەبێت، چونکە لەسەر سود و پارە و سامانە نەک ململانێیەک بۆ خزمەتکردن بە پرسەکانی گەلی عێراق لە بەرامبەر هەژاری و کەم گەشەسەندن و بێکاری زەبەلاحدا، ئەمانە و فایلەکانی تر فاکتەرێکی جەوهەری دەبن بۆ گەڕانەوەی تشرینییەکان بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و لەوانەیە هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر بکەن"، فەیسەڵ وایوت.