ناس کورد-
سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکەى ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا توشى رووداوى هاتوچۆ بووە، بەڵام بە سەختی بریندار نەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێرگی نیکیفۆرۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا وتى "لە کیێڤ ئۆتۆمبێلێک لەگەڵ ئۆتۆمبێلی سەرۆکی ئۆکرانیا پێکیانداداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پزیشکەکانی یاوەری سەرۆک کۆمار هاوکاری بەپەلەیان پێشکەش بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەى دیکە کردووە".
وتەبێژەکە پشتڕاستی کردەوە کە "سەرۆک کۆمار لەلایەن پزیشکێکەوە پشکنینی بۆ کراوە و هیچ برینداربوونێکى سەخت نەدۆزراوەتەوە. پۆلیس بەدواداچوون بۆ سەرجەم بارودۆخەکانی ڕووداوەکە دەکات"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
هەر زوو دوای ڕووداوەکە، زێلێنسکی لە پەیامی ڤیدیۆیی ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند لە ناوچەی خارکیڤ گەڕاوەتەوە، کە نزیکەی بە تەواوی لەدەست هێزەکانى روسیا ڕزگارکراوە، لەو کاتەوەی هێزەکانیان هێرشی پێچەوانەیان دەستپێکردووە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ڕوسیا.