ناس کورد-
پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا دۆزینەوەى تەرمی شەش کۆچبەر کە لە پێنج منداڵ و ژنێک پێکهاتوون راگەیاند، کە لەگەڵ ٧٣ کۆچبەری دیکەدا بوون لە ناو بەلەمێکدا کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە لوبنانەوە بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بە وتەی دەسەڵاتدارانی تورکیا، بەلەمەکە دوای تەواوبوونی سووتەمەنی بزوێنەرەکە، لە دوورگەی ڕۆدسەوە وەستاوە و داوای هاوکاری کردووە. پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان وەڵامی ئەو بانگەوازەی دایەوە و ئامادەبوون، کۆچبەرەکانیان خستە سەر چوار بەلەمی لاستیکییەوە و گەڕاندیاننەوە بۆ ئاوەکانی تورکیا، ئەوەش بەپێی میدیاکانى تورکیا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 21-1-2020، پاسەوانی کەناراوەکان توانیویانە تەرمی شەش کۆچبەر، ژنێک و سێ منداڵ و دوو منداڵی ساوا لە دەریای ئیجە بدۆزنەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەمانە بەشێکن لە سەرنشینانى بەلەمێک کە نزیکەی ٨٠ کۆچبەری هەڵگرتووە، کە شەممەی ڕابردوو لە شاری تەرابلوسی لوبنانەوە بەرەو کەناراوەکانی ئەوروپا بەڕێکەوت.
کۆچبەرەکان لە دوورگەی ڕۆدس ڕووبەڕووی کێشەی کەشتیوانی بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی سووتەمەنییان تەواو بووە، بۆیە داوای هاوکارییان لە دەسەڵاتدارانی یۆنان کردووە، بەپێی هەمان سەرچاوە.
پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، دەوریەیەکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان وەڵامی ئەو بانگەوازەی داوەتەوە و بەرەو شوێنی بەلەمەکە ڕۆیشتوون، لەوێ سەرجەم کۆچبەرەکانی ناو بەلەمە لاستیکییەکانیان بردووە و بەرەو ئاوەکانی تورکیاى بردوون.
دەسەڵاتدارانی تورکیا ٧٣ کۆچبەریان رزگارکرد، کە لەناو ئەو بەلەمە لاستیکییانەدا بوون کە لە کەناراوەکانی موگلە لە باشووری رۆژئاوای تورکیا بینراون. لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە بەپێی وتەى رزگاربووان، پێنج کەس کە دوو منداڵیان تێدایە، هێشتا بێسەروشوێنن. گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.