گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەى یەکێتی ئەوروپا

ئەمریکا بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر چیندا دەکاتەوە بۆ ڕێگری لە داگیرکردنی تایوان

2022.09.14 - 08:52
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر چیندا دەکاتەوە بۆ ڕێگری لە داگیرکردنی تایوان

ناس کورد-

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا بیر لە سەپاندنی پاکێجێک لە سزا بەسەر چیندا دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە داگیرکردنی تایوان، هەروەها یەکێتی ئەوروپاش لەژێر فشاری دیپلۆماسی تایواندایە بۆ ئەوەی هەمان شت بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی خۆیەوە (14ی ئەیلولی 2022) دەڵێت، گفتوگۆکان لە واشنتۆن و فشارەکانی تایوان بۆسەر یەکێتی ئەوروپا هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتاییدان، هەردووکیشیان کاردانەوەیە بەرامبەر پەرەسەندنی هەڕەشەکانی لەشکرکێشی چین بۆسەر گەرووی تایوان.

 

بیرۆکەکە بریتییە لە گرتنەبەری چەند سزایەک جیاواز لەوانەی پێشتر گیراوەتەبەر بۆ سنووردارکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ چین لە بوارە تەکنەلۆژییە هەستیارەکانی وەک چیپی کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

 

لە کاتێکدا سەرچاوەکان هیچ وردەکارییەکیان نەخستووەتەڕوو سەبارەت بە جۆر و شێوازی سزاکان، بەڵام بیرۆکەی سەپاندنی سزا بەسەر دووەم گەورەترین ئابووری جیهاندا چەندین پرسیار دەوروژێنێت.

 

بژاردەی ئاڵۆز
نازیک نیکاختار، بەرپرسی باڵای پێشووی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر سەپاندنی سزا بەسەر چیندا کارێکی زۆر ئاڵۆزترە لە سزاکانی سەر ڕووسیا، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە نزیکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئابووری چین.

 

سەرۆکی چین شی جینپینگ سوێندی خوارد کە تایوان کە لە ئێستادا بە دیموکراسی حوکمڕانی دەکات لەگەڵ وڵاتەکەیدا یەکبخاتەوە و بەکارهێنانی هێزیشی ڕەت نەکردووەتەوە.

 

بەرپرسێکی ئەمریکی و بەرپرسێکی وڵاتێک کە لە نزیکەوە لەگەڵ واشنتۆن هەماهەنگی دەکات ڕایانگەیاند، بەرپرسانی واشنتۆن لە بژاردەکان دەکۆڵنەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی چین لە هەوڵی داگیرکردنی تایوان ڕابگرێت.

 

لە كاتێكدا ئەو دوو سەرچاوەیە رایانگەیاند، گفتوگۆكانی ئەمریكا لەسەر سزاكان دوای لەشكركێشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە شوباتی 2022 دەستیپێكردووە، بەڵام دوای كاردانەوەی چین بۆ سەردانەكەی نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، جارێكی تر بەپەلە بووەتەوە.

 

فشارخستنە سەر ئەوروپا
شەش سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان تایوان و ئەوروپا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دوای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، تایوان پێشنیاری سەپاندنی سزای لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپی کردبوو، بەڵام مانۆڕە سەربازییەکانی ئەم دواییەی چین هەڵوێستی تایوانی توندتر کرد.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان رایگەیاندووە، تایوان داوای هیچ شتێکی دیاریکراوی نەکردووە، داوای لە ئەوروپا کردووە پلان دابنێت کە ئەگەر چین هێرشەکەی بۆ سەر تایوان ئەنجام بدات، پێویستە چ رێوشوێنێک بگرێتەبەر، هەروەها داوای لە ئەوروپا کردووە چین ئاگادار بکاتەوە، بەڵام بە ئاشکرا نا.

 

سزاکانی ئەوروپا پێویستیان بە ڕەزامەندی هەر 27 وڵاتی ئەندام هەیە، کە زۆرجار ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت. تەنانەت بۆ گۆشەگیرکردنی ڕووسیا دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا، کۆدەنگی قورس بوو، بەشێکیش لەبەر ئەوەی گازی ڕووسیا زۆر گرنگە بۆ ئەڵمانیا.