ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی داواى لە دژە تیرۆر کرد، لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم و پێشمەرگە ھاوکاربن و ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق لەھەوڵدابن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو داوایەى بافڵ تاڵەبانى (13-9-2022)، لەمیانەى کۆبوونەوەیەکدا هات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر-CTG کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێى راگەیەنراوێکى نوسینگەى بافڵ تاڵەبانى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر-CTG کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزەکە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعشەوە کرا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و سەروەریی یاسا تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ دەستخۆشی و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. داواشیکرد بەهەمان رۆحییەت و هەڵوێستی نیشتمانییانەی خۆیانەوە بەردەوامبن لە ئەرکەکانیان بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەماھەنگی و ھاریکاری ھەواڵگری و سەربازی لەنێوان ھەرێم و عیراق کرد و ووتی ئەرکی ئێوەیە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە ھاوکاربن و ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق لەھەوڵدابن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە.