ناس کورد
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی کێشەیەکی نێوان پەرلەمانتاریکی و هێزەکانی کۆماندۆ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرکۆنە کردنی ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نادروستە حیزبیانەیەی بۆتە لەمپەر لە بەرامبەر بە دواداچونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتاران."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
ڕوونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە
دوای ئەوەی ئەندامێکی بەڕێزی فراکسیۆنەکەمان ، لەکاری پیشەیی خۆی بەمەبەستی بەدواداچون سەردانی مەرزی پەروێزخانی کردبوو ، لەگەڵ ئەندامێکی بەڕێزی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دا ، لە گەرانەوەیاندا توشی گرفت بوون لەگەڵ هێزێک بەناوی (کۆماندۆ).
ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرکۆنە کردنی ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نادروستە حیزبیانەیەی بۆتە لەمپەر لە بەرامبەر بە دواداچونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتاران و بە کەمڕوانین لە بەهای پەرلەمان کە دەزگای شەرعی و هەڵبژێرراوی خەڵکی کوردستان و سەروەربوونی یاسایە.
ھەرچەندە ڕاگەیەنراوەکەی ئەم ھێزە ئەوەندە ئاست نزمە لە روی سیاسی و یاسایی و ئیدارییەوە هی وەڵام دانەوە نیە، بەڵام ھاووڵاتییانی کوردستان مافی خۆیانە ئەوە بزانن کە ئەندامانی پەرلەمان پێویستیان بە ڕەزامەندی و مۆڵەت و نوسراو نیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکی پەرلەمانتاری خۆیان و بەدواداچوون، پەرلەمانتار دوای ئەوەی خۆی ناساند و ناسنامەی پەرلەمانتاری پیشان دا ، نابێت بپشکنرێن نە خۆیان نە ئوتومبیلیان نە ماڵیان چونکە پارێزبەندیان ھەیە، ھەروەھا ناسنامەی پەرلەمانتار مۆڵەتە بۆ ھەڵگرتنی چەک.
لە کۆتاییدا داوا دەکەین پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەڵوێستی جدییان هەبێت ، پێویستە ڕێز لە دامەزراوەی پەرلەمان پەرلەمانتاران بگیرێت....
فراکسیۆنی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان