ناس کورد-
هیزەکانی کۆماندۆ لەبارەی دروستبوونی گرژی لەگەڵ پەرلەمانتارێک و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لە چەک و جام تاریک بوون."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
ئێوارەی دوێنی هەریەکە لە ڕزگار محەمەد ئهندامی پهرلهمانی كوردستان و كهریم عهلی ئهندامی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی بەبێ هیچ نوسراوێکی فەرمی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتی مەرزی پەروێزخان ڕۆشتبونە نێو مەرزەکە، لەکاتی گەڕانەوەیان بە بازگەیەکی هێزەکەمان لە نزیک مەرزی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو ڕێگایە پێشتر کاری قاچاخی تێدا دەکرا لەلایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی و حزبیەوە. دواتر لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی ڕێزەوە داوای خۆناساندن لە هەردوو ناوبراو کرا، لە وەڵامدا ڕزگار محەمەد بەکارمەندانی بازگەکەی ڕاگەیاندبوو، کە ئەو پەرلەمانتارە و حەسانەی هەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات لەکاتێکدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لەچەک و جام تاریکبوون ئەمیش لەخۆیدا پێچەوانەی یاسایە، لەکاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی هەردوو ناوبراو بەچەکەوە دابەزیبوون و بەچوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی هێزەکەمان هێنابویەوە ! دواتر لەلایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەر کرا و میوانداری ئەو دوو بەڕێزەو پاسەوانەکانیان کرا و هەر لەوێ و کۆتایی بەکێشەکە هێنرا.
بەداخەوە دوای گەیشتنیان بەشاری سلیمانی هەڵوێستی ئەوان گۆڕا و لەڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێ قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەست لەکاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو، ئامانجشیان ڕوونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە، ئەگەر ئەوان هیچ شتێک لەخۆیان شک نابەن بۆ ڕێگەیان بەکارمەندانی بازگەکە نەدابوو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێت ؟ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی بۆیە هەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕ بێت دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت، لامان سەیرە ئەو دوو بەرپرسە کارەکانیان پێچەوانەی یاسا بووە و باسی یاسا دەکەن ئەمەشیان کرد کەمپینێک بۆ دەرکەوتن و ناساندنی خۆیان.
ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان
١٣ ی ٩ ی ٢٠٢٢