ناس کورد-
بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان کۆببێتەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی پلانی وەزارەت بۆ چۆنێتی دابەشکردنی نەوتی سپی و گرفتی غازی ماڵان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
گوڵیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان (سێشەممە 13-9-2022) بە میدیای پارتیی ڕاگەیاند، " لە کۆبوونەوەکەدا پلانی وەزارەت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی دەخرێتەڕوو، دەمانەوێت بزانین وەزارەت کەی و چۆن دەتوانن دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی بکەن، هەروەها لەبارەی کێشەی غازی ماڵانیش گفتوگۆ دەکرێت کە ئێستا نییە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا رووبەڕووی قەیرانی غاز ببینەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " نرخی نەوت لەمکاتدا کە بەرمیلێک لە دەوروبەری 260 هەزار دیناردایە، زۆر زۆرە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە زستان توشی قەیرانی نەوتی سپی دەبین."
وەزارەتی سامانە سووشتییەکان (دووشەممە، 12-9-2022) ڕایگەیاند، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابینکردنی نەوتی سپیی ماڵان راسپێردران، بۆ ئەم مەبەستەش، کەمال محەممد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت بڕیاری دا کاری پێویست بۆ دابینکردن و دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان لە مانگی داهاتوودا بکرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "مانگی تشرینی یەکەم، لە ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەی پاڵپشتیکراو دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت."