ناس کورد-
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر سیستمی وەرگرتنەوەی پارەی سزاکانی هاتوچۆ بەشێوەی قیست هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو ڕاگیراوە تاوەکو سەرجەم تابلۆکانی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر (یەکشەممە 11-9-2022) ڕایگەیاند، " کارکردن بە سیستهمی قیست بۆ وەرگرتنەوەی سزای هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆوە دەرچووە و هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام لەوەتەی سیستهمی گۆڕانی تابلۆکان کاری پێ دەکرێت، سیستهمی قیست راگیراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر کاتێک تابلۆکان هەمووی گۆڕدران و هیچ کێشەیەک نەما، ئەوا بێگومان سیستمی قیست کارا دەکرێتەوە، بۆیە کاتێک تابلۆیەک دەگۆڕین ئەگەر پێشتر سزای لەسەر بوبێت، ئەوا سزاکەی ساف دەکرێت، هەربۆیە تا تەواوی تابلۆکان نەگۆڕدرێن سیستمی قیست کارا ناکرێتەوە، چونکە گرفتمان بۆ دروست دەکات."