ناس کورد-
سەمیر هەورامی، بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانیو بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی ڕایگەیاند، لەماوەیەكی كەمدا زیاتر لە 50 پرۆژە لە سلێمانی دەكەونە كارو جێگری سەرۆكی حكومەت خۆی چاودێری پرۆژەكانیش دەكات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی ئەیلوی 2022) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و جگە تەواوبوونی مامەڵەی یاسایی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان، بڕیاردرا لەسەر جێبەجێکردنی هەردوو پڕۆژەی گەشتیاری چەمی قلیاسان- چەقچەق و پڕۆژەی نمونەیی گەشتیاری شاخی گۆیژە.
بەپێی قسەی سەمیر هەورامی، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە شاری سلێمانی و هەڵسەنگاندنیش کرا بۆ کارەکانی یەک هەفتەی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کە دەرکەوت لە ماوەی یەک هەفتەدا مامەڵەی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوبووە و هەروەها سایدپلانی زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواوکراوە و بەزوویی دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.
دەشڵێت، "جێگری سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی کردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کە ئەرکەکانیان بە باشی راپەڕاندووە، داواشی لێکردن بۆ لەمەودواش بەردەوامبن لەسەر ئەم هەماهەنگییەی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکاندا دروست بووە با چیتر مامەڵەی وەبەرهێنەران و هاوڵاتیان بەهۆی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگیی لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەتدا دوانەکەوێت."
"هاوکات رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان گرت کە بۆچی پێشتر بەم شێوەیە کارەکانیان خێرا و بەبێ رۆتین رانەپەڕاندووە و جەختیشی کردەوە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو پرۆسەی دەستمان پێکردوە لە هاندان و سزادانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان و ئەو تیمە چاودێرییەی پێکهێناوە بە بەردەوامی چاودێری هەڵسوکەوت و چۆنییەتی مامەڵەکردنی فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت لەگەڵ هاوڵاتیان دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت کێ کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان دەکات و کێ گرفت و کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات."
باسی لەوەشکرد کە "قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی کارەکانیان تەواوبووە رۆڵێکی باشی دەبێت لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابوری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ دانیشتوانی شارەکە دەڕەخسێنێت."