ناس کورد-
وەزیری نوێی ناوخۆی بەریتانیا بە بەرپرسانی وەزارەتەکەی ڕاگەیاندووە کە نایەوێت تەنها یەک بەلەمی کۆچبەران لە ئاوی ئینگلیزییەوە، واتە لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا، دەربچێت و دەبێت بە تەواوی ڕێگری لە کۆچبەران بگیرێت، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەری بەریتانی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر لە ڕاپۆرتێکدا (10ی ئەیلولی 2022) دەڵێت، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە میانی وتاری دەستبەکاربوونیدا بۆ ستافی وەزارەتەکەی، سوێلا براڤەرمان، وەزیری نوێی ناوخۆی بەریتانیا وتوویەتی لە کاری لەپێشینە و سەرەکی بریتی دەبێت لە وەستاندنی پەڕینەوەی کۆچبەران بە ئاوی ئینگلیزیدا.
هاوکات ڕۆژنامەی تەلەگراف لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری پسپۆڕانی کۆچبەرانەوە دەڵێت، "وەستاندنی تەواوەتی پەڕینەوەی کۆچبەران مەحەڵە مەگەر حکومەت جێگرەوەیەکی سەلامەت دابین بکات."
تەنها لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا 45 بەلەم گەیشتوونەتە بەریتانیا کە دوو هەزار و 120 پەناخوازیان تێدابوو، لە ماوەی مانگی ئابیشدا، هەشت هەزار پەناخواز پەڕینەتەوە.
هەر بەپێی ئامارەکان، لەو کاتەی حکومەتی نوێی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی لیز ترەس دەستبەکاربووە، هیچ بەلەمێک بە ئاوەکەدا تێپەڕنەبووە.