ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، شکستی بە پیلانێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هێناوە و و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی (پێنجشەممە 8-9-2022) ڕایگەیاند، لە درێژەی کاروچالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانانی ئەو ماددانە، لە دوو چالاکی جیادا دەستبەسەر بڕی ( ١٦ ) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری { تلیاک }دا گیرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە چالاکی یەکەمدا دوای لێکۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون هێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/٧/٢٩ لە بۆسەیەکدا دەست بەسەر بڕی { ١٦ } کگم ماددەی ( تلیاک )دا گیرا کە لەناو ( غەتاس )ی ئاودا شاردرابویەوە و تۆمەتبارێکیش بەناوی ( أ ، ك ، ح ) دەستگیرکرا ، تۆمەتبار لە دایکبوی ١٩٩٣ی هەولێرە، ئۆتۆمۆبێلێکی جۆری ( شیری ) پێبووە، لە بازگەیەکی دەروازەی شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و بەپێی زانیاریەکان ئەو ماددانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێنرابوون."
ئەوەش هاتووە، " لە چالاکی دووەمدا هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوەی وورد لە دەروازەی نێودەوڵەتی ( باشماخ ) لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٧/٣١ تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە دانیشتووی شاری (بۆکان)ە ، بەڕەگەز کوردە و لەدایکبووی ١٩٧٠ بە ناوی ( م ، م ، أ ) خێزاندارە، تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لەشاری سلێمانیەوە تلیاکەکە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان ."