ناس کورد-
وەزیری دارایی و ئابوری بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن کارئاسانی بۆ ھاووڵاتیان بکرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەی کە لە ماوەی ڕابردوو بەھەر ھۆکارێک نەدراونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم (پێنجشەممە 8-9-2022) ڕایگەیاند، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، ھاوشێوەی ماوەکانی ڕابردوو بەمەبەستی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ گرفتە دارایی و کارگێڕییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، لەگەڵ سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی شارەکە کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە بینای شارەوانیی سلێمانی بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی و ئابوری دوای گوێگرتن لە داواکاری و پێشنیارەکانی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان، لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکانی خستەڕوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی گرفت و ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان نەھێڵن و کارئاسانی لەبەردەم ھاووڵاتیانیش بکرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەی کە لە ماوەی ڕابردوو بەھەر ھۆکارێک نەدراونەتەوە.