گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

حکومەتی هەرێم بڕیارێک ’’لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان’’ دەدات

2022.09.05 - 13:01
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم بڕیارێک ’’لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان’’ دەدات

ناس کورد-

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم بە بێ بەرامبەر نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەر دەکات و ئەو نەخۆشانەشی کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، پارەی نەشتەرگەرییان لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومیەکان بۆ خەرج دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. بێستون سەیفەدین، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە تیشک لە هەولێر (دووشەممە 5-9-2022) بە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ڕۆژانە ١٤٠ بۆ ١٦٠ نەخۆش بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن و لە دوو شیفتی یەکەم و دووەم لە کاتژمێر ٨ بەیانی تا ٥ ئێوارە، چارەسەری نەخۆشەکانی شێرپەنجە (نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و تیشک) بێ بەرامبەرە. تەنها لە شیفتی سێیەم بە شێوەی تایبەتییە، بەڵام تێچووەکەی زۆر کەمترە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان. لە %٧٥ تا %٨٠ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە هەردوو شیفتی یەکەم و دووەم دەکرێن و بێ بەرامبەرە.''

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ''ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، بە ڕەزامەندیی لیژنەیەکی پسپۆر، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و خەرجییەکەشی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و لە ڕێگەی سندووقێکەوە، لە لایەن حکومەتەوە بۆ نەخۆشەکە خەرج دەکرێتەوە.''

 

بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات سەبارەت بە بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت، ''لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمک و سییەکان و سەر و مل و پرۆستات و کێشەی ئافرەتان بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجەن.''

 

بە وتەی د.بێستون سەیفەدین، هەموو جۆرە چارەسەرییەکی نەخۆشیی شێرپەنجە لە سەنتەری ئاوات لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی تا ٥ ی ئیوارە بێ بەرامبەرە، تەنها لە شیفتی تایبەتی سەنتەری ئاوات لە دوای کاتژمێر ٦ تا ٩ ی شەو نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بە ٤٠ تا ٦٠ هەزار دینار نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، ئەم نەخۆشییە بە کۆی ١٥ دانیشتن (جەلسە) بە ٦٠٠ تا ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت، نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل بە کۆی ٣٣ دانیشتن (جەلسە) بە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت.

 

بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی عێراق، نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک دوو ملیۆن تا چوار ملیۆن دیناری تێ دەچێت، و چارەسەریی کیمیاییش بۆ هەر دانیشتنێک (جەلسە) ٧٠٠ تا هەزار دۆلار، و تیشکەکەشی لە ٣هەزار دۆلار کەمتر نییە. چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەریەکەی ١٠ تا ١٢ هەزار دۆلاری تێدەچێت. و تیشکەکەی ٦ تا ٧ هەزار دۆلارە و کیمیایەکەشی بۆ هەر جەلسەیەک هەزار دۆلارە.

 

بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت، ''٣٠% نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک پێویستییان بە دەرمانی بیۆلۆژی هێرسپتن (Herceptin) هەیە و نەخۆشەکە پێویستە بۆ ماوەی ساڵێک ئەم دەرمانە وەربگرێت و هەر دانیشتنێک (جەلسە)یەکی لەسەر حکومەت ١٢٠٠ دۆلاری دەوەستێت و بێ بەرامبەر بە هاوڵاتییان دەدرێت.

 

د. بێستون سەیفەدین حەسەن ئاماژەی بەوەشکردووە، ''لە موسڵ نەخۆشییەکی یەکجار زۆری شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن. لە %٣٠ نەخۆشەکانی شیفتی یەکەم و دووەمی سەنتەرەکە کە چارەسەرییەکە بێ بەرامبەرە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێن. بەڵام لە شیفتی تایبەتی نیوەیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراقن.

 

میدیای حکومەتی هەرێم دەڵێت، "ڕێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە چاو دانیشتواندا زیادی نەکردووە، و شێوازی دیاریکردنی نەخۆشییەکەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر زیاتر لە %٤٠٠ فەرقی کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥ تەنها لە هەولێر ١٣٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە دیاریکراوە،  بەڵام ساڵی رابردوو ٢٨٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر تۆمار کراون."