گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی ھەرێم لەسەر یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە

2022.09.04 - 09:27
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی ھەرێم لەسەر یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە

ناس کورد-

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە دەستکاری یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری بکات وەک ئەوەی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا (4ی ئەیلولی 2022) دەڵێت، "بەڕێز د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستکاری (یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری) بکات. ئێمە لێرەوە رای دەگەیێنین کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە و ھیچ داوایەکی لەو جۆرەشی بۆ ھەموار کردنەوەی ئەو یاسایە، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی نەکردووە."

 

دەشڵێت، "سەبارەت بە دەرچوواندنی رێنماییەکانی یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 22ی حوزەیرانی 2022، بە بریاری ژمارە (157) و لە خاڵی سێیەمدا ھەریەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤی راسپاردووە، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی رێنمایی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان."

 

 

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، "لێرەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دوای دوو مانگ و نیو لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی خۆی بۆ دەرچوواندنی رێنماییەکان دەربڕی."

 

"حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندی پەیڕەوکردنی شەفافیەتە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و بەکردەییش ئەوەی جێبەجێی کردووە،" جوتیار عادل وا دەڵێت.