گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’كەمترین چالاكی و فێستیڤاڵ’’

بەرپرسێکى حکومى باڵا لە سلێمانى: ناکرێت پایتەختى رۆشنبیرى ناوەڕۆكێكی بەتاڵی هەبێت

2022.08.31 - 23:59
App store icon Play store icon Play store icon
بەرپرسێکى حکومى باڵا لە سلێمانى: ناکرێت پایتەختى رۆشنبیرى ناوەڕۆكێكی بەتاڵی هەبێت

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی رایگەیاند، ئەگەرچی سلێمانی بەبڕیاری پەرلەمان كراوە بە پایتەختی رۆشنبیری، بەڵام ئەم بە پایتەختكردنە نابێت ناوەڕۆكێكی بەتاڵی هەبێت، بەڵكو دەبێت لەرووی ژێرخان و سەرخانیش تێربكرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موحسین ئەدیب (31-8-2022) لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە وتى "دەبێت زۆرترین چالاكی و فێستیڤاڵ و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی رۆشنبیری وهونەری لە سلێمانی بێت، چونکە هەم بەفەرمی و هەم نافەرمیش پایتەختی رۆشنبیرییە".

 

وتیشى "یەكەم شت بە پایتەختبوونی شارەكە وادەخوازێت، دووەم لە راستیدا لەو شارە خەڵکێكی بێشومار رۆشنبیر و هونەرمەند و فۆتۆگرافەر و شێوەكار و شانۆكار و سینەماكار و میوزیكزانت هەیە، كە رەنگە ئەمە لە شارەكانی تر نەبێت، جگە لەوە خاوەنی جەماوەرێكی زیندووە كە بەردەوام هەموو چالاكییەكانمان جمەی دێت".

 

موحسین ئەدیب دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت پێشنیازی ئەوەیكردووە كە مەرج نییە سلێمانی بۆ هەمیشە بەفەرمی پایتەختی رۆشنبیری بێت، یان دهۆك بۆ هەمیشە پایتەختی گەشتیاری بێت، بۆیە بۆ نموونە دەكرێت پێشنیاز بكەن چوار ساڵ جارێك ئەو نازناوانە بگۆڕن، دوای ئەوەی كە پایتەختی رۆشنبیری لە سلێمانی بە شێوەیەكی فەرمی وەرگیرایەوە، كە بۆ نموونە درا بە هەولێر ئەو كات پێویستە هەموو چالاکییە رۆشنبیری و هونەرییەكان لە هەولێر بكرێت. 

 

"بەڵام ئێستا ناكرێت بە فەرمی پایتەختی رۆشنبیری بیت، بەڵام كەمترین چالاكی و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی رۆشنبیری وهونەری لە سلێمانی بێت، بەپێچەوانەوە، براوەتە شارەكانی تر كە ئەمە لەراستیدا پێچەوانەی ئەو بڕیارەیە كە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی داویەتی". 

 

موحسین ئەدیب دەشڵێت "کاتێک چالاکییەکی رۆشنبیری یا ھونەری لە سلێمانی دەکرێت کەمترین بودجەی بۆ خەرجدەکرێت، لە کاتێکدا لە شارێکی تر دەکرێت وێڕای ئەوەی پایتەختی رۆشنبیریش نییە کەچی بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخاندەکرێت".