گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پێشبینى: بەفر و سەرماى زستانى ئەمساڵ مێژویی دەبێت

2022.08.31 - 21:39
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینى: بەفر و سەرماى زستانى ئەمساڵ مێژویی دەبێت

ناس کورد-

 

شارەزایەکى کەشناسی پێشبینى زستانێکى سەخت دەکات بەجۆرێک ریکۆردى مێژوویی لە بارینى بەفر و سەرما تۆمار بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاراس جەبار (31-8-2022) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى چەند هۆکارێکەوە  پێشبینی دەکرێت زستانی ئەمساڵ لەناوچەکە سەخت و سارد بێت تا رادەی تۆماڕکردنی ریکۆردی مێژووی لەبارینی بەفر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.

 

دەقى بڵاوکراوەکە:

 

بابەتێکی گرنگ لەسەر ھۆکار و زیادبوونی ئەگەرەکان بۆ سەختبوونی زستانی ئەمساڵ ٢٠٢٢-٢٠٢٣ 

 

لە بابەتی پێشوودا بە کۆمەڵێک زانیاری باسمان لەوە کرد کە ئەگەر ھەیە زستانی ئەمساڵ زۆر سەخت و سارد بێت لەناوچەکەدا ئێستاش بە زانیاری گرنگتر لەسەر ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی زیاتر ئەدەین لەبارەی ئەو ھۆکارانەوە کە کاریگەری ھەیە لەسەر گۆڕانی کەشوھەوا.

 

تەقینەوەی گڕکانە بەھێزەکان توانای دەردانی گازی جۆراوجۆریان ھەیە بۆ ناو چینی (ستراتۆسفێر) کە دەکەوێتە سەروو چینی ھەوای یەکەم (ترۆپۆسفێر ) کە تێیدا پەستانی بەرز و نزمی بەرگەھەوا دروست دەبێت و زۆربوونی ئەم گازانە لەم چینەدا رەنگدانەوەی ئەبێت لەسەر تیشکی خۆر بۆ دەرەوەی ھەسارەکە و ئەبێتە ھۆی ساردبوونەوەی بەرگەھەواو کاریگەری ناوچەیی و جیھانی بۆ ماوەیەکی نادیار ئەبێت لەسەر کەشوھەوا.

 

لە ١٥ی ٦ ساڵی ١٩٩١ گڕکانی پیناتۆبۆ گەورەترین تەقینەوەی بەسەردا ھات کە بەدووھەم گەورەترین تەقینەوەی گرکانی سەدەی بیستەم دانرا لەدوای تەقینەوەی گرکانی نۆڤاروپتا لە ساڵی ١٩١٢ لە ئالاسکا ، ئەم تەقینەوە بەھێزە بووە ھۆی دەردانی رێژەیەکی زۆری گازە جۆراوجۆرەکان بەرزبوونەوەیان بۆ چینی ستراتۆسفێر گۆڕانکاریەکی گەورەی بەسەر کەشوھەوای جیھاندا ھێنا و تێکرای پلەی گەرمی جیھان بە نزیکەی ٠.٥ پلەی سەدی دابەزی کە تا ماوەی ٣ ساڵ کاریگەری ساردبوونەوەی ھەبوو لەسەر ھەسارەکە کە لە ساڵی ١٩٩٢ دا بووە ھۆی رەخساندنی زستانێکی زۆر سەخت و پر لەسەرما و زریانی بەفر لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا کە لە زستانی ئەو ساڵەدا ٧ زریانی بەفر ڕوویاندا یەکێک بوو لە ساڵانەی زۆرترین رێژەی بەفر و باران لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا باری بوو بە ساڵێکی مێژووی و لەبیر نەکراو لەناوچەکەدا کە تا چەند ساڵی دواتریش کاریگەریەکانی بەردەوامبوو.

 

لە ١٥-١ ئەمساڵدا ٢٠٢٢ گرکانی ھۆنگا تۆنگا کە گڕکانێکی ژێر دەریایە لە باشوری زەریای ھێمن بەشێوەیەکی توند و تیژ و لەناکاو تەقیەوە لە ئەنجامدا گرکانێکی ستونی زەبەلاح دروستبوو کە پێکھاتبوو لە گازی گۆگرد و ھەڵمی ئاو بە ماوەیەکی کەم تێکەڵ بەبەرگەھەوا بوو تا بەرزی ٥٨ کم بڵندبوو کە ئەمەش بەرزترین تەقینەوەی گرکانیە کە تا ئێستا تۆماڕکراوە و چەند جارێک شەپۆلێ شۆکی بەدەوری تەواوی ھەسارەکەدا نارد ، لەبەر ئەوەی گرکانەکەش لەژێر زەریادا تەقیەوە بڕێکی زۆری ھەڵمی ئاوی رەوانەی ستراتۆسفێر کرد کە بڕی ئاسایی ھەڵمی ئاو تێیدا نزیکەی ١٥٦٠ تێراگرامە لە دوای ئەم ڕووداوە بڕی ھەڵمی ئاو بۆ زیاتر لە ١٧٠٠ تێراگرام زیادی کرد ئەمەش لەسەدا ١٠٪‏ زیادبوونی کۆی رێژەی ھەڵمی ئاوە لە ستراتۆسفێردا کەواتە سەرەکیترین شت ئەوەیە هەڵمێکی گەورەی ئاو لە ستراتۆسفێردا بە دەوری گۆی زەویدا دەسوڕێتەوە کاریگەرییەکی بەهێزی ساردکەرەوەی هەیە و ئەگەری زۆرە لە مانگ و ساڵانی داهاتوودا بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەر کەشوهەوای جیهان هەبێت.

 

کاریگەریەکانی ئەم ڕووداوە لە زستانی ئەمساڵی نیوە گۆی باشوردا دەرکەوتووە بە ساردبوونەوەیەکی نائاسایی لە ستراتۆسفێردا و ئەنجامی ئەم ساردبوونەوەیە بە شێوەیەکی بەرچاو لە زستانی ئەو وڵاتانەدا ڕەنگدانەوەی هەبووە کە دەکەونە نیوە گۆی باشوور وەک وڵاتانی ئوسترالیا و ئەمریکای باشوور و باشووری ئەفریقا کە لە یەکێک لە بەهێزترین و ساردترین زستانەکاندان لە ھاوکات بووە لەگەڵ ھاتنی شەپۆلی بەھێزی سەرما و بەفربارینی زۆر لەناوچە جیاوازەکان تۆمارکردنی ریکۆردی نوێ لەنزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.

 

کەواتە لێرەدا ئەگەرەکان بۆ ئەم گۆڕانکارییە چۆن دەبێت لەسەر کەشوھەوای ئێمە؟

 

ئەو ساردبوونەوەیەی کە لە ستراتۆسفێری نیوە گۆی باشووری زەویدا ڕوودەدات دەبێتە هۆی نەرێنی بوونی (NAO) (پەستانی بەرگەهەوای بەرز) لە زەریای ئەتڵەسی باکور ئەمەش بە واتای گەشەیەکی گەورەی بەرزەپەستان دێت بەجۆرێک کە بەشێکی گەورە دەگرێتەوە لە باکووری ئەتڵەسی و بەم شێوەیە درێژ ئەبێتەوە بۆ ڕۆژئاوا و بەشێک لە ناوەڕاستی ئەوروپا، ئەنجامی ئەم سیستەمە رێگە بە شەپۆلداربوون و شێواندنی رژێمی با تیژرەوەکان (Jet stream) ئەدات کە دەبێتە هۆی ھاتنە خوارەوە و دابەزینی بارستە ھەوا ساردەکان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و درێژبوونەوەیان بەرەو وڵاتانی تورکیا و عێراق و شام و ناوەندی دەریای ناوەڕاست بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی تاڕادەیەک درێژ، سوڕەکانی بای جیهانی و ئەو ڕەوتانەی گواستنەوە کە لە بەرگەهەوادا ڕوودەدەن کاردەکەن بۆ گواستنەوەی سەرمایەکی زۆر لە نیوەی باشووری زەویەوە بۆ نیوەی باکوور لە ماوەی داهاتوودا و هاوکات دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی گەشەی گێژەڵوکەی جەمسەری باکور بەھۆی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، لێرەوە گۆرانکاریەکان دەردەکەوێت بۆیە ئێمە بە پشت بەستن بەم ھۆکارانە و ھۆکاری دیکە کە لە پێشتردا باسمان کردوە و پەیوەست بە گۆڕانکاریەکانی کەشوھەواوە پێشبینی ئەوە دەکەین کە زستانی ئەمساڵ لەناوچەکانمان سەخت و سارد بێت بەدوور نەبین لە ھەر شەپۆلێکی بەھێزی سەرما و بەفر بارینی قورس لەناوچەکەدا تەنانەت تا رادەی تۆماڕکردنی ریکۆردی مێژووی لەبارینی بەفر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.

 

ئاراس جەبار