ناس کورد-
بیرمەندێکى سیاسی رایگەیاند، وتارەکەى موقتەدا سەدر سێ ئەنجامى دەبێت، لەناویاندا هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و نوێکردنەوەى ویلایەتى مستەفا کازمى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پرۆفیسۆر نەدیم جابرى ئەمیندارى پێشووى حزبى فەزیلە و مامۆستاى زانستە سیاسییەکانى زانکۆى بەغدا لە بڵاوکراوەیەکدا (30-8-2022) وتى "ئەنجامى یەکەمى وتارەکە دەبێتە هۆی گۆڕینی موقتەدا سەدر لە سەرکردەیەکی سیاسی ڕێکخراوێکی سیاسی دیاریکراوەوە بۆ سەرکردەیەکی نەتەوەیی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی جەماوەرەکەی، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەرزبوونەوەى بۆ پێگەیەکی باڵای ئایینی".
هەروەها پێیوایە، ئەنجامى دووەمى وتارەکەى سەدر، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حەتمى پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی نوێ لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا.
ئەنجامى سێیەمى وتارەکەى سەدر بەوتەى ئەو بیرمەندە، کەمبوونەوەى ئەگەری چانسی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێیە لەلایەن چوارچێوەى شیعى و قبوڵکردن و نوێکردنەوەى ویلایەتى مستەفا کازمییە.
موقتەدا سەدر رابەرى رەوتى سەدر (30-8-2022) فەرمانى کشانەوە بۆ لایەنگرانى رەوتەکەى لەگۆڕەپانى خۆپیشاندانەکان و ناوچەى سەوز دەرکرد، دواى ئەوەى خۆپیشاندانەکان گۆڕان بۆ پێکدادان و روبەڕوبوونەوە.
سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتى "بکوژ و کوژراو لە ئاگردایە، عێراقییەکان زەرەرمەنی یەکەمن لەوەی دەگوزەرێت، هەر شۆڕشێک توندوتیژی و کوشتنی لێبکەوێتەوە شۆڕش نییە."
دواى داواکەى سەدر، لایەنگرانى رەوتى سەدر لەناوچەى سەوز کشانەوە.