گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

پێشمەرگە لەسەر شەڕى پەکەکە و تورکیا رونکردنەوە دەدات

2022.08.28 - 20:22
App store icon Play store icon Play store icon
پێشمەرگە لەسەر شەڕى پەکەکە و تورکیا رونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

 

وەزارەتى پێشمەرگە رەتیکردەوە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب ڕێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆش کردبێت بۆ شەڕكردن لە بەرانبەر چەكدارانی پەكەكە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزارەتەکە (28-8-2022) لەرونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "هێزەكانی پەكەكە بە چ حەقێك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانن و دەستی هێزەكانی توركیاش بەدوای خۆیاندا ڕادەكێشن؟ بۆچی ناچنەوە ناوخۆی توركیا و هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن؟".

 

دەقى رونکردنەوەکە:



ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

 

ماوەی چەند ڕۆژە جارێكی تر میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەستیان داوەتە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وای بڵاو دەكەنەوە كە گوایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب ڕێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆش كردووە بۆ شەڕكردن لە بەرانبەر چەكدارانی پەكەكە. لێرەدا بە هەموو لایەك ڕادەگەیێنین كە:

 

1.  هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووری و سیاسییە و بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانە. لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروست بووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق ڕێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند. لە هەمانكاتیشدا پەكەكە ڕێگەی بە خۆی داوە ناو و نیشانی ناوچە و چیا و دۆڵەكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و ناوی سەیر و سەمەرە و نامۆ بۆ ئەو ناوچانە دابنێت. هەروەها لە كردەیەكی نامرۆڤانە و دژە ژینگەییدا چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە مینڕێژكردنی ڕێگەوبان و دۆڵ و كانیاو و دارستانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی زۆری بۆ خەڵكی ئاسایی و كاسبكار و گوندنشینەكان دروست كردووە. هەر بەهۆی بوونی نایاسایی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی کوردستان بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچە سنوورییەكان موڵك و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

 

2.  پەكەكە شەڕی هێزەكانی توركیای پێ ناكرێت و بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات و هێزەكانی توركیا بەدوای خۆیاندا دێنن. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەگەر ململانێ و شەڕێكیش لەنێوان توركیا و پەكەكە هەبێت ئەوە گۆڕەپانی شەڕ دەبێ لەناوخۆی توركیا بێت.

 

3.  میدیاكانی پەكەكە لە دوورەوە وێنەی چەند ئۆتۆمۆبیلێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بڵاو كردووەتەوە و ئیدیعای ئەوە دەكەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕێگەی بۆ هێزەكانی توركیا خۆش كردووە. وێڕای ئەوەی جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئەو ئیدیعایە هیچ بنەمایەكی نیە، ڕاشیدەگەیێنین هێزی پێشمەرگەی كوردستان مافی خۆیەتی لەسەر خاكی خۆی مومارەسەی دەسەڵات و ئەركەكانی خۆی بكات و پارێزگاری لە خاك و خەڵكی كوردستان بكات. بەڵام پرسیار ئەوەیە هێزەكانی پەكەكە بە چ حەقێك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانن و دەستی هێزەكانی توركیاش بەدوای خۆیاندا ڕادەكێشن؟ بۆچی ناچنەوە ناوخۆی توركیا و هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن؟

 

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 

28-8-2022