گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

23 فەرمانبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی ’’بەهۆی گەندەڵییەوە’’ دەستگیرکراون

2022.08.28 - 12:05
App store icon Play store icon Play store icon
23 فەرمانبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی ’’بەهۆی گەندەڵییەوە’’ دەستگیرکراون

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم ڕاگەیاند، بەهۆى تێوەگلان لە سپیکردنەوەى پارە لەرێى ساغکردنەوەى چەکى بانکییەوە ژمارەیەک فەرمانبەرى بانکى هەرێم لە سلێمانى دەستگیرکراون، وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانیش دەڵێت، ئەو کەسانەى دەستگیرکراون هیچ پەیوەندییان بە بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانییەوە نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێى زانیارییەکانى کەناڵی کەى ئێن ئێن کە لە سەرچاوەیەکى باڵاى وەزارەتى داراییەوە کە لە پشکی ئەو حزبە دەڵێت، دوو هەفتە لەمەوبەر 23 فەرمانبەرى بانکى هەرێم بەهۆى تێوەگلانیان لە سپیکردنەوەى پارە لەرێى چەکى بانکییەوە دەستگیرکراون، بۆیە ئەو 23 کەسەى کە دوێنێ بڵاوکرایەوە دەستگیرکراون دوو هەفتە دەستگیرکراون و فەرمانبەر بوون نەک دەڵاڵ.

 

بەپێى لێدوانى ئەو سەرچاوەیە، پێدەچێت بەرپرسانى بانکەکەش لەو دۆسییەیەوە تێوەگلابن و لە داهاتودا لێکۆڵینەوەى دیکە ئەنجام دەدرێت، چونکە کەسانى نزیک لە بەرپرسانى تێدایە.

 

هاوکات جەبار گۆڕان، وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو لە سلێمانى ڕاگەیاند: هەموو ئەو هەوڵانەى باس لە دەستگیرکردنى چەند دەڵاڵێک دەکەن لە بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى دورن لە راستییەوە و ئەو کەسانەى دەستگیرکراون پەیوەندییان بە بازاڕى دۆلارەکەوە نییە.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى ئەو هەواڵانەوە بازاڕەکە جۆرێک لە شڵەژانى بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە داوایانکردووە هیزێک لە نزیک بازاڕەکە بۆ پاراستنى بازاڕەکە جێگیر بکرێت.

 

وتیشى،" ئێمە دەمانەوێت داکۆکى لەو بازاڕە بکەین، چونکە پەیوەندى بە قوتى خەڵکەوە هەیە هەرکەس و دەزگایەک لەخۆیەوە و بێ بونى زانیارى قسە لەسەر بازاڕى سلێمانى دەکەن، دەبێت بزانن دەرەنجامەکەى چى رودەدات".

 

وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانیش پێى وایە، ئەو کەسانەى دەستگیرکراون خەڵکانى دەستڕۆشویان لەپشتە، چونکە وەک خۆى وتى،" ئەگەر خەڵکى دەستڕۆشت و بەرپرسى گەورە لەپشت ئەو کەسانە نەبن، ئەو کارە زەحمەتە بکریت، ناکرێت کەسێکى ئاسایى چەکێکى بانکى یەک ملیۆن دۆلارى بە 350 هەزار دۆلار بکڕێت".