گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڕەشە لە کڕیارانى نەوت

سامانە سروشتییەکان وەڵامى سۆمۆ دەداتەوە

2022.08.26 - 16:25
App store icon Play store icon Play store icon
سامانە سروشتییەکان وەڵامى سۆمۆ دەداتەوە

ناس کورد-

 

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی كۆمپانیای به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ"ی دایه‌وه‌ و رایگەیاند، هەڕەشەکردن لە کڕیارانى نەوتى هەرێم هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان لە وەڵامەکەیدا به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی سۆمۆ ده‌كات، كه‌ رۆژی 23ی ئه‌م مانگه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ کە تێیدا رایگەیاندبوو رێکاری یاسایی له‌ دژی كڕیارانی و بازرگانانی نەوتی خاوی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌به‌ر.

 

له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كاندا هاتووه‌ "ئه‌و شه‌ڕه‌ی سۆمۆ هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و درووستكردنی به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌میاندا"، ئەوەش بەپیی تەلەفزیۆنى سەرۆکى حکومەت.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، نامه‌كه‌ی سۆمۆ درێژكراوه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی دادگای فیدراڵییه‌، كه‌ دژی هه‌رێمی كوردستان گرتوویانه‌ته‌ به‌ر.

 

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق 23ی ئاب هەڕەشەی گرتنەبەرى رێكاری یاسایی نوێى کرد لەدژی كڕیارانی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان.  

  

ئاژانسى رۆیتەرز (25-8-2022) بڵاویکردەوە، لە نوسراوێكدا رۆژی 23ی ئاب کۆمپانیاى سۆمۆ جەختیکردووەتەوە "رێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەگیرێتەبەر، بەمەبەستی رێگریكردن لە باركردنی ئەو بارە نایاساییانەی لە عێراقەوە دێن".  

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ مافی خۆیەتی هەموو رێوشوێنێکی یاسایی لە دژی هەر بریکارێک یان کڕیارێکی نەوتی خاوی قاچاخ بگرێتەبەر کە سەلمێنراوە بە تایبەتی نەوتی عێراقی لە تێرمیناڵی نەوتی جەیهانی تورکیا بارکردووە، بەبێ ئەوەی پشتگیرییەکی راشکاوانە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بکرێت”.  

  

ئەم هۆشدارییە دوایین هەنگاوە لە زنجیرە هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان.  

  

بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە لە مانگی شوباتدا دەرچووە، بنەما یاساییەکانی کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری زانیوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار ئەو بڕیارەی رەتکردووەتەوە.