ناس کورد-
ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر دەستكرا بە گەڕخستنی سیستەمی ئەلیكترۆنی بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە هاووڵاتیان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات "ئێمە ئاگاداری وردەكاری ئەو سیستەمە نین و نەنوسراوی فەرمیمان بۆهاتووە و نەلە شێوازەكەشی ئاگادار كراوینەتەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەختیار محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە میدیای یەکێتی (24ی ئابی 2022) ڕاگەیاند: تائێستا بەفەرمی لە وردەكاری ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە سیستەمی ئەلیكترۆنی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە هاووڵاتیان ئاگادار نەكراوینەتەوە و لەوبارەیەشەوە هیچ نوسراوێكمان بەدەست نەیگەشتووە و تەنها لە سۆشیال میدیا ئەو بابەتەمان بینیوە.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێرو بە ئامادە بوونی سەرۆكی حكومەت، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر سیستەمی ئەلكترۆنی بۆ پیچدانی مۆڵەتی شۆفێری خرایە گەڕ، سەرۆكی حكومەتیش یەكەم كەسبوو بەوجۆرە سیستەمە مۆڵەتی شۆفێری وەرگرت، هاوكات بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرا نەكردووە كە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بەشێوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی.
ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنییەی بەڕیوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ خستییە ئەگەر چەندین جۆر مۆڵەت لە خۆدەگرێت كە بریتین لە
1- جۆری A، هەڵگر دەتوانێت ماتۆرسكیل لێبخوڕێت و نابێ تەمەنی لە 16 ساڵ كەمتر بێت.
2- جۆری B، هەڵگر دەتوانێت شۆفێری ئۆتۆمبێلی ساڵۆن بكات و 18 ساڵ كەمتر نەبێت.
3- جۆری BE؛ هەڵگر دەتوانێت ئۆتۆمبێل بە عارەبانەوە لێبخوڕێت و پێویستە 18 ساڵی تەواو كردبێت.
4- جۆری C1؛ هەڵگر دەتوانێت ئۆتۆمبێلی گەورە لێبخوڕێت و 20 ساڵی تەواو كردبێت و پێویستە هەڵگری مۆڵەتی جۆری B هەبێت.
5- C1E؛ جۆری دەبێ هەڵگری مۆڵەتی C1 بێت و 20 ساڵ كەمتر نەبێت، هەڵگر دەتوانێت ئۆتۆمبێلی بە عارەبانە یان نیمچە عارەبانە لێبخوڕێت، هەڵگر دەبێ مۆڵەتی B هەبێت و 20 ساڵی تەواو كردبێت.
5- CE؛ جۆری هەڵگر دەتوانێت شۆفێری ئۆتۆمبێلی (قاتیرە و مەقتوورە) بكات و دەبێ 20 ساڵی تەواو كردبێت و هەڵگری مۆڵەتی جۆری C بێت، هەڵگر دەتوانێت شۆفێری پاسی 16 سەرنشین بكات و دەبێ 20 ساڵی تەواو كردبێت.
6- جۆری D1Eهەڵگر دەتوانێت شۆفێری پاس و راكێشانی عەرەبانەیەك بكات.
7- جۆری D هەڵگر دەتوانێت هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك لێبخوڕێت، پێویستە تەمەنی 20 ساڵ بێت.
8- جۆری DE؛ هەڵگر دەتوانێت هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك بە عارەبانەوە لێبخوڕێت، پێویستە تەمەنی 20 ساڵ بێت.
9- جۆری T؛ هەڵگر دەتوانێت شۆفێری ئۆتۆمبێلی كشتوكاڵی و بیناسازی بكات، دەبێ 18 ساڵی تەواو كردبێت.