گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان دروست دەکرێت

2022.08.21 - 10:09
App store icon Play store icon Play store icon
دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان دروست دەکرێت

ناس کورد-

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم ڕایگەیاند، دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان دروست دەکرێت و تونێلەکەی ئێستاش نۆژەندەکرێتەوەو بڕە پارەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا (21ی ئابی 2022) دەڵێت، "ئەمڕۆ بەشێک لەھاونیشتیمانیانی خۆشەویستمان لە دەربەندیخان و سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکردنی چاککردنی رێگای سەرەکی نێوان دەربەندیخان- سلێمانی و رێگای سەرەکی دەربەندیخان – کەلار کە لەساڵی 2013ەوە کارکردن تیایدا دەستیپێکردوە."


دەشڵێت، "وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ داوا رەواکانی ھاونیشتیمانیان، ھاوکات جەخت دەکەینەوە کە لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ تەواوکردنی رێگای دوسایدی دەربەندیخان کەلار و ھەر لێرەوە رایدەگەیەنین، کە ھەفتەی داھاتو بە بەشداری نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆڕ دەستپێدەکات بۆ دروستکردنی دو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان."


وەزارەتەکە دەشڵێت، "لەچوارچێوەی ھەنگاوە خێراکان بۆ کارئاسانی ھاتوچۆی ھاوڵاتیانی سنورەکە، بڕیاردراوە بە قیرتاوکردنی رێگای ناوتاق و کارکردنیش بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێگای دوسایدی وارماوا دەربەندیخان."


"بۆ ھاونیشتیمانیانی خۆشەویستی دوپات دەکەینەوە لەسەرەتای دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بایەخی تایبەتی بە رێگاوبانی سنورەکە داوەو زیاتر لە حەوت جار بەشێوەیەکی مەیدانی رێگاوبان و پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردوەتەوەو وێڕای ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژە، ھاوکات لە چۆنێتی ئەنجامدانی پڕۆژەکان و کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دوسایدی دەربەندیخان-کەلاری کۆڵیوەتەوە، بەجۆرێک کە لە تەمەنی ئەم کابینەیەدا رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەی دەربەندیخان کەلار گەیشتوەتە زیاتر لە 55٪‏، لەکاتێکدا پێشتر رێژەی ئەنجامدراو 15٪‏ کەمتر بوە،" وەزارەتەکە وا دەڵێت.


"ھەر لە چوارچێوەی ھەوڵەکاندا، لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوای ئاراستەکردنی نوسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (8343) و بە واژۆی بەڕێز وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و828 هەزار دینار دەربڕی بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، بەمەبەستی چاککردنەوەی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان."